ئەربیل لایف – هەولێر
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵمەتێکی بەرفراوان و نیشتمانی لە سەرتاسەری هەرێم بۆ بنبڕکردنی سەرپێچییەکانی سەر تۆڕی کارەبای گشتی دەستپێکرد. ئامانجی ئەم هەڵمەتە پاراستنی مافی هاووڵاتیان و دڵنیابوونەوەیە لە دابەشکردنی دادپەروەرانەی کارەبا، بەتایبەت لەو ناوچانەی پڕۆژەی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان تێدا جێبەجێ کراوە.
بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، هەر جۆرە دەستکاریکردنێکی پێوەر یان ڕاکێشانی هێڵی نایاسایی، خاوەنەکەی ڕووبەڕووی سزای قورس دەکاتەوە:
هاوبەشانی ماڵان: بڕی 5 ملیۆن دینار سزا دەدرێن. هاوبەشانی بازرگانی: سزاکەیان دەگاتە 50 ملیۆن دینار.
جگە لە سزای دارایی، سەرپێچیکاران ناچار دەکرێن پارەی هەموو ئەو کارەبایە بدەن کە بە نایاسایی بەکاریان هێناوە، هەروەها دۆسیەکانیان ڕەوانەی دادگا دەکرێت و ئەگەری پچڕانی هەمیشەیی کارەبایان لەسەرە.
ئەم هەنگاوەی وەزارەت دوای ئەوە دێت کە سەرپێچییەکان بوونەتە هۆی دروستکردنی فشارێکی زۆر لەسەر تۆڕی نیشتمانی و تێکدانی هاوسەنگی دابەشکردنی کارەبا. لە کاتێکدا پڕۆژەی (ڕووناکی) توانیویەتی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ زیاتر لە 70٪ی هاووڵاتیان دابین بکات، بەڵام بەکارهێنانی نایاسایی ڕێگرە لەوەی ئەم خزمەتگوزارییە بە تەواوی سەربکەوێت.
وەزارەتی کارەبا جەخت دەکاتەوە کە ئەم ڕێوشوێنانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتییە، تاوەکو بتوانرێت تا کۆتایی ئەمساڵ خزمەتگوزاری کارەبای 24 کاتژمێری بگەیەنرێتە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و سیستەمێکی کارەبای سەقامگیر بۆ هەمووان دابین بکرێت.

