ئەربیل لایف – هەولێر
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری قەدەغەکردنی ڕاوکردنی ماسی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ ڕاگەیاند، کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەگرێتەوە.
ڕابەر محەمەد سەلیم، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری ڕایگەیاند: قەدەغەکە لە ڕێکەوتی ١٥ی ئازاری ٢٠٢٦ دەستپێدەکات و تاوەکو ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت.
بڕیارەکە سەرجەم ناوچەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین، زاخۆ و سۆران) دەگرێتەوە. ئەم هەنگاوە بە مەبەستی پاراستنی سامانی ماسییە لە هەرێمی کوردستان، بەو پێیەی ئەم ماوەیە وەرزی زاوزێ و زیادبوونی ماسییە.
لە بڕیارەکەدا جەختکراوەتەوە کە بەکارهێنانی هەر جۆرە ئامرازێکی نایاسایی بۆ ڕاوکردن وەک (کارەبا، ماددەی ژەهراوی، تەقەمەنی و تۆڕی کونورد) بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، چونکە دەبێتە هۆی لەناوبردنی زیندەوەرە ئاوییەکان.
بەگوێرەی ڕێنماییەکان، دوای تەواوبوونی وادەی قەدەغەکە، واتە لە ڕۆژی ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ڕاوکردنی ماسی بە شێوەیەکی ئاسایی دەستپێدەکاتەوە. لایەنە پەیوەندیدارەکان و پۆلیسی دارستان ڕاسپێردراون بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و سزادانی سەرپێچیکاران.

