ئەربیل لایف – هەولێر
دوێنی شەممە، ١٤ی ئازاری ٢٠٢٦، لە هۆتێل کریستاڵی شاری هەولێر، لە مەراسیمێکی شایستەدا، ئینیستیوتی مافە نێودەوڵەتییەکان (IRI) بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە هاوکاری سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی یەکێتی ئەوروپا (AEJ) و ڕێکخراوی ئارتێستا بۆ ڕاگەیاندن، خەڵاتی ڕێزلێنانیان بەخشییە ٣٦ ڕۆژنامەنووسی ژن لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک.
مەراسیمەکە بە بۆنەی یادی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان ڕێکخرابوو، تێیدا پانێڵێکی تایبەت لەسەر ڕەوشی مافەکانی ژنان و ئەو ئاڵەنگارییانەی ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسانی ژن دەبنەوە بەڕێوەچوو. لە پانێڵەکەدا تیشک خرایە سەر کاریگەریی دابونەریت و سیستەمی پیاوسالاری و هەروەها ڕۆڵی پەرلەمان و حکومەت لە پشتگیریکردنی ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا.
لە چوارچێوەی مەراسیمەکەدا، بەشدار حەسەن، سەرۆکی ئینیستیوتی مافە نێودەوڵەتییەکان (IRI)، جەختی لە بەردەوامی پشتگیرییەکانیان بۆ ڕۆژنامەنووسان کردەوە. هاوکات، هۆزان قادر، بەرپرسی ئۆفیسی هەرێمی کوردستانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی یەکێتی ئەوروپا (AEJ) وتارێکی بە زمانی کوردی پێشکەش کرد، و دواتریش وتاری هەریەکە لە AEJ و ڕێکخراوی ئارتێستا بە زمانی ئینگلیزی و لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە پێشکەش کران.
جێی شانازییە کە “گۆڤەند ئیدریس حەسەن”، پەیامنێری ئەربیل لایف، وەک یەکێک لە ڕۆژنامەنووسە چالاکەکان، خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشرا.
وەک دەستکەوتێکی گرنگی ئەم چالاکییە، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا گروپێک لەم ڕۆژنامەنووسە خەڵاتکراوانە داوەتی ئۆفیسەکانی خۆیان لە وڵاتانی یۆنان و بەلجیکا بکەن، بە مەبەستی بەشداریکردن لە خولی مەشقی نێودەوڵەتی و ئاڵوگۆڕی ئەزموون بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری توانای ڕۆژنامەنووسانی ژن لە هەرێمی کوردستان.

