ئەربیل لایف – هەولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٩ی ئاداری ٢٠٢٦، سەندیکا و یەکێتی و ڕێکخراوەکانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هەرێمی کوردستانیان کرد، کە تێیدا بارەگای بارزانی، ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە کرابوونە ئامانج و بەهۆیانەوە چەندین کەس شەهید و بریندار بوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم هێرشانە “پێشهاتێکی مەترسیدارن” بۆ سەر ئارامی و سەقامگیری هەرێم، لە کاتێکدا کوردستان هەمیشە فاکتەری ئاشتی بووە و نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ لایەنێک.
سەندیکا و ڕێکخراوەکان داوایەکی بەپەلەیان ئاراستەی حکومەتی عێراق کرد کە چیتر بە “لیژنە و پەیامی هاوخەمی” وەڵامی هێرشەکان نەداتەوە، بەڵکو هەنگاوی جدی و یاسایی بنێت بۆ ڕێگری کردن لەو “گروپە لەیاسا دەرچووانە”ی کە هێرشەکان ئەنجام دەدەن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە ببێتە هاوکاری هەرێمی کوردستان بۆ کۆتاییهێنان بەم هێرشە ناڕەوایانە و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

