ئەربیل لایف – هەولێر
کارەکانی پەرەپێدانی پایتەخت لە ڕووی ژینگەیی و خزمەتگوزارییەوە بەردەوامە؛ لەو چوارچێوەیەشدا پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر بەرەو قۆناغی کۆتایی هەنگاو دەنێت و ئامادەکاریش بۆ دابەشکردنی قۆناغێکی دیکەی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەکرێت.
سەبارەت بە پڕۆژە ژینگەییەکان، کارکردن لە قۆناغی یەکەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێر بەپێی پلانەکان بەردەوامە و لە ئێستادا بەشی یەکەمی ئەم قۆناغە لە کۆتاییدایە. بڕیارە لەم پڕۆژە ستراتیژییەدا سەدان هەزار داری زەیتوون و فستەق بچێندرێن، کە ئامانج لێی بەخشینی سیمایەکی شارستانی و دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروستە بۆ شارەکە.
لەلایەکی دیکەوە و لە ڕووی خزمەتگوزاریی نیشتەجێبوونەوە، تاوەکو ئێستا ناوی ٨٢ هەزار فەرمانبەر و سوودمەند گەڕاوەتەوە. دوای ئەوەی لە شەش قۆناغی ڕابردوودا ٣٨ هەزار پارچە زەوی دابەش کراوە، لە ئێستادا تیمە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی ئامادەکاریی کۆتایین بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا قۆناغی حەوتەمی دابەشکردنی زەوی ڕابگەیەنرێت.

