ئەربیل لایف – هەولێر
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زنجیرەیەک بڕیاری نوێی بۆ کارئاسانی و لێخۆشبوون لە سزای دارایی ئەو کەسە بیانیانە دەرکرد کە بەهۆی بارودۆخی شەڕ و نائارامییەوە نەیانتوانیوە گەشت بکەن یان نشینگەکانیان نوێ بکەنەوە.
بڕیارەکان بەم شێوەیەن:
١. بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی هەرێمن:
ئەو بیانیانەی لە دوای ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ەوە کارتی نشینگەیان بەسەرچووە و لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، ڕێگەیان پێدەدرێت تاوەکو ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٦ بە هەمان کارت بگەڕێنەوە. دوای گەڕانەوەیان، کارتەکانیان بەبێ سزای دارایی بۆ نوێ دەکرێتەوە. بەڵام دوای ئەو ڕێکەوتە (٣٠ی نیسان)، بۆ هاتنە ناوەوە پێویستیان بە ڤیزای نوێ دەبێت.
٢. بۆ ئەوانەی لە ناوەوەی هەرێمن و دەیانەوێت گەشت بکەن:
ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕ و تەواوبوونی ماوەی پاسپۆرتەکانیان نەیانتوانیوە گەشت بکەن، ئەگەر تا ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٦ گەشتی دەرەوە بکەن، لە سزای دارایی دەبوردرێن و تەنها مۆری دەرچوونیان بۆ لێدەدرێت. هەروەها ئەوانەی بەهۆی شەڕەوە وەرگرتنەوەی پاسپۆرتی نوێیان دواکەوتووە، بە مەرجی پێشکەشکردنی بەڵگەی پێویست، لە سزای دواکەوتنی نشینگە دەبوردرێن.
٣. بۆ گەشتیاران و هەڵگرانی ڤیزا:
ئەو گەشتیارانەی لە دوای ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ەوە ڤیزاکانیان بەسەرچووە، دەتوانن تا ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٦ لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکانەوە بێ سزا گەشت بکەنەوە. هەروەها ئەوانەی دەیانەوێت ڤیزاکانیان بگۆڕن بۆ نشینگە، بەبێ وەرگرتنی سزای دواکەوتن مامەڵەکانیان بۆ ئەنجام دەدرێت.
ئەم بڕیارانەی وەزارەتی ناوخۆ وەک هەنگاوێکی مرۆیی و کارگێڕی دێت بۆ هاوکاریکردنی ئەو بیانیانەی کە بارودۆخی نائاسایی ناوچەکە کاریگەری لەسەر یاساییبوونی مانەوەیان دروست کردووە.

