ئەربیل لایف – هەولێر
سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر، لە دەستپێشخەرییەکی نوێدا بۆ خزمەتکردنی
خێزانی زانکۆ، پڕۆژەی (+SUID)ی ڕاگەیاند. ئەم پڕۆژەیە ئامانجی دابینکردنی
داشکاندنی تایبەت و ئاسانکاری داراییە بۆ سەرجەم مامۆستایان، کارمەندان و
قوتابیانی زانکۆکە.
ناونیشانی پڕۆژەکە کورتکراوەی (Salahaddin University
Identity Plus)ـە، بە واتای “سوودی زیاتر لە ناسنامەی زانکۆی سەلاحەدین وەرگرە”.
پڕۆژەکە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی (پ. د. کامەران یونس محەمەدئەمین) سەرۆکی زانکۆ
دەستی پێکردووە و زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس لە ناوخۆی زانکۆ لێی سوودمەند دەبن.
ئەم خزمەتگوزارییە تەنها بۆ هەڵگرانی ناسنامەی زانکۆی
سەلاحەدینە و ئەندامانی پلە یەکی خێزانەکانیشیان (دایک، باوک، خوشک، برا،
هاوسەر و منداڵ) دەگرێتەوە.
بوارەکانی داشکاندن: زانکۆی سەلاحەدین گرێبەستی فەرمی لەگەڵ چەندین کۆمپانیا و
ناوەندی کەرتی تایبەت واژۆ دەکات بۆ دابینکردنی داشکاندن لەم بوارانەدا:
- تەندروستی: نەخۆشخانە و کلینیکەکان.
- بازاڕکردن: فرۆشگا و براندە گشتییەکان.
- خواردەمەنی: چێشتخانە و کافتریایەکان.
تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە:
١. بێ قازانج: زانکۆ هیچ سوودێکی دارایی لەم
پڕۆژەیە وەرناگرێت و تەنها بۆ خزمەتی خێزانی زانکۆیە.
٢. دیجیتاڵکردن: سیستەمەکە
بە شێوەی دیجیتاڵی کار دەکات بۆ ئاسانکاری لە ناسینەوەی ناسنامەکان.
٣. دڵنیایی جۆری: زانکۆ بەردەوام چاودێری کوالێتی خزمەتگوزارییەکان و پابەندبوونی لایەنەکان بە بڕی داشکاندنەکان دەکات.
ئەم هەنگاوەی زانکۆی سەلاحەدین وەک گەورەترین ناوەندی ئەکادیمی لە هەرێمی کوردستان، لەپێناو کەمکردنەوەی بارگرانی داراییە لەسەر شانی مامۆستایان و قوتابیان و
بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان زانکۆ و بازاڕی کار.

