ئەربیل لایف – هەولێر
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند،بەمەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان و چەسپاندنی دادپەروەری، هەفتەی داهاتوو پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنی بۆ پرۆسەی “لەجیاتی دانان” بۆ گرێبەستەکان کارا دەکرێت.
د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە کۆبوونەوەیەکدا
لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەت ئاماژەی بەوە کرد، دوای ڕەزامەندی ئەنجومەنی
وەزیران و پاڵپشت بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی، پرۆسەی دامەزراندن بە شێوەی
گرێبەست (لەجیاتی دانان) بۆ ئەو کەسانە ئەنجام دەدرێت کە پێشتر ناویان گەڕاوەتەوە
بەڵام بەهۆکاری جیاواز دەستبەکار نەبوون.
ئەم دەرفەتە ئەو دەرچووانە دەگرێتەوە کە دەیانەوێت لەم شوێنانەدا ببنە گرێبەست: ١. ئەو وانەبێژانەی بە گرێبەست لەسەر داهاتی ناوخۆ دامەزراون و دەستبەکار نەبوون. ٢. ئەوانەی لەسەر داهاتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان بە گرێبەست دامەزراون و دەستبەکار نەبوون. ٣. هەموو ئەو کەسانەی بە کرێی کارگێڕی ڕۆژانە لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا دامەزراون و دەستبەکاربوونیان نەکردووە.
مەرج و شێوازی پێشکەشکردن: پرۆسەکە بە تەواوی ئەلیکترۆنی دەبێت و پشت بە سیستمی”خاڵبەندی” دەبەستێت بەپێی پسپۆڕی و بڕوانامە. سەرجەم دەرچووان لە تەواوی ناوچەکانی کوردستان دەتوانن بێ جیاوازی داواکاری پێشکەش بکەن.
بەڕێوەبەری گشتی کارگێڕی و دارایی وەزارەت ڕایگەیاند، پلاتفۆرمەکە بە شێوەیەک
دیزاین کراوە کە ئاسانکاری تەواو بۆ پێشکەشکاران دەکات و ڕەچاوی وردترین مەرج و
ڕێنماییەکان دەکات بۆ گەرەنتی کردنی شەفافیەت لە پرۆسەکەدا.

