هەولێر – ئەربیل لایف
بەمەبەستی ئاسانکاری و ڕێکخستنی سیستەمی دابەشکردنی بەشە سووتەمەنی، ڕێکارە نوێیەکانی خۆتۆمارکردنی دیجیتاڵی بۆ شۆفێرانی تاکسی خرایە کار. لەمەودوا شۆفێران دەتوانن لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە بەبێ سەردانیکردنی فەرمانگەکان، خۆیان بۆ وەرگرتنی کارتی سووتەمەنی تۆمار بکەن.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆسەیە، پێویستە سەرەتا شۆفێران بەرنامەی تایبەت بەم خزمەتگوزارییە لە ڕێگەی ئەم بەستەرەی خوارەوە دابەزێنن: 🔗 بەستەری دابەزاندنی بەرنامەکە: [b-code.net/TaxiDriver.apk]
پێویستە شۆفێران خاوەنی مۆبایلێکی کارپێکەری سیستەمی ئەندرۆید بن کە تایبەتمەندیی ناسینەوەی نزیکەیی (NFC)ی تێدا کارا بێت، پاش دابەزاندنی بەرنامەکەش دەتوانن لە ڕێگەی ئەم هەنگاوانەی خوارەوە پڕۆسەکە جێبەجێ بکەن:
– هەنگاوی یەکەم: داخڵکردنی کۆدی شۆفێری و ژمارەی ئۆتۆمبێل، کە هەردووکیان لەسەر دەفتەری تاکسییەکە نووسراون.
– هەنگاوی دووەم: خستنە سەرپشتی کارتی سووتەمەنییەکە لەسەر پشتی مۆبایلەکە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی تایبەتمەندی (NFC)ەوە بناسرێتەوە.
– هەنگاوی سێیەم: پڕکردنەوەی زانیارییەکان بە دروستی، کە بریتین لە ژمارەی لاشەی ئۆتۆمبێل، ژمارەی زنجیرەی ئۆتۆمبێل، ژمارەی مۆبایل، لەگەڵ دیاریکردنی زانیارییەکانی تابلۆ (بە هەڵبژاردنی جۆری تابلۆکە؛ کۆن یان نوێ).
– هەنگاوی چوارەم: گرتن و بەرزکردنەوەی حەوت وێنەی ڕوون، کە پێکهاتوون لە: وێنەی ڕاستەوخۆی ئۆتۆمبێلەکە، ڕووی پێشەوە و دواوەی مۆڵەتی هاتوچۆ (ساڵانە)، ڕووی پێشەوە و دواوەی کارتی کارکردنی تاکسی، و ڕووی پێشەوە و دواوەی ناسنامەی نیشتمانی. ئەگەر وێنەکان ڕوون نەبن، سیستەمەکە داوای دووبارە گرتنەوەیان دەکات.
– هەنگاوی پێنجەم: ناردنی زانیارییەکان بۆ پێداچوونەوە (Submit). (تێبینی: دوای پەنجەنان بە دوگمەی ناردن، شۆفێر ناتوانێت هیچ گۆڕانکارییەک لە زانیارییەکاندا بکات، پاشان لەلایەن نووسینگەی تایبەتمەندەوە پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت).
– هەنگاوی کۆتایی: پاش پەسەندکردنی زانیارییەکان، شۆفێر دەتوانێت کارتەکەی بخاتە پشتی مۆبایلەکەی و بچێتە ناو هەژمارەکەیەوە، تاوەکو بڕی سووتەمەنیی بەردەست و سەرجەم زانیارییەکانی خۆی و ئۆتۆمبێلەکەی ببینێت.

