ئەربیل لایف – هەولێر
لە دۆزینەوەیەکی مێژوویی و دەگمەندا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی کەیمبریجی بەریتانی، ئەنجامی توێژینەوەیەکی نوێیان لەسەر ئەشکەوتی شانەدەر ڕاگەیاند، کە پەردە لەسەر کۆنترین بەڵگەی بەکارهێنانی چەکی دارین لە توندوتیژیی نێوان مرۆڤە دێرینەکاندا لادەدات.
توێژینەوەکە، کە لە گۆڤاری زانستیی جیهانیی (Scientific Reports)دا بڵاوکراوەتەوە، پشتی بە پشکنینی پاشماوەی ئێسکەپەیکەری مرۆڤێکی نیاندەرتاڵ بەستووە کە بە «شانەدەر A» ناسراوە و تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ ۷٥ هەزار ساڵ پێش ئێستا. لە ئەنجامی پشکنینەکاندا دەرکەوتووە کونێکی بازنەیی بە تیرەی ١٥ ملیمەتر لەسەر ئێسکی شانی دروست بووە، کە بە گوتەی شوێنەوارناسان بەهۆی ڕمێکی دارینی تیژکراوەوە پێکراوە و بە مەبەستی کوشتن ئاراستەی دڵی کراوە. ئەمەش بە کۆنترین بەڵگەی توندوتیژیی کوشندە بە چەکی دارین لە مێژووی بەبەردبووەکانی مرۆڤایەتیدا دادەنرێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم لایەنە توندوتیژەدا، توێژینەوەکە ئاماژە بە لایەنێکی مرۆیی و بەسۆزی نیاندەرتاڵەکان دەکات؛ چونکە هەمان کەس پێشتر تووشی شکان و برینداریی سەخت بووە لە دەموچاویدا، بەڵام بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک دوای برینەکەی لە ژیاندا ماوەتەوە. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە لەلایەن ئەندامانی تری کۆمەڵگەکەیەوە چاودێری و هاوسۆزیی تەواوی پێدراوە بۆ ئەوەی لە مردن ڕزگاری بێت.
سەبارەت بەم دەستکەوتە، دکتۆر ئێما پۆمرۆی، سەرۆکی تیمی توێژەران لە زانکۆی کەیمبریج، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پاشماوانە تێگەیشتنێکی نوێ سەبارەت بە سروشتی ئاڵۆزی نیاندەرتاڵەکان دەبەخشن، کە چۆن توندوتیژی و سۆز پێکەوە لە ژیانیاندا بوونی هەبووە.
هەروەها محەمەد لەشکری، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێم، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ئەنجامە بەرهەمی گرێبەست و هاوکارییەکی زانستیی بەردەوامی نێوان هەرێمی کوردستان و زانکۆی کەیمبریجە و دووپاتی کردەوە کە «ئەشکەوتی شانەدەر دەروازەیەکی جیهانییە بۆ تێگەیشتن لە ڕەگ و ڕیشەی مێژووی هاوبەشی مرۆڤایەتی».
جێی ئاماژەیە، ئەم ڕاگەیەندراوە بە شێوەیەکی فەرمی و لە یەک کاتدا بە هەردوو زمانی کوردی لە کوردستان و ئینگلیزی لە ئاستی جیهاندا بڵاوکرایەوە، وەک بەشێک لە کارنامەی هاوبەشی نێوان هەردوولا بۆ خستنەڕووی کەلەپووری دەوڵەمەندی ناوچەکە بۆ جیهان.

