ئێوارەی ئەمرۆ، لە گەڕی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر لەنێو یاریگای خۆی رووبەڕووی یانەی زەوڕا دەبێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 5.10.2024، لە چوارچێوەی گەڕی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بۆ وەرزی 2024-2025، لە کاتژمێر 5:30ی ئێوارە لە یاریگای فڕەنسۆ هەریری، یانەی هەولێر میوانداری یانەی زەوڕا دەکات.
ئەم یارییە یەکێکە لە یارییە گرنگەکانی ئەم گەڕە و چاوەڕوان دەکرێت هاندەرێکی زۆر ئامادەی بینینی یارییەکە بن. هەردوو تیم بە هیوای بەدەستهێنانی خاڵی زیاتر و باشترکردنی پێگەیان لە پلەی ریزبەندی دەچنە نێو ئەم کێبڕکێیەوە.
سەمیر بابۆ، راهێنەری یانەی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: “هەوڵدەدەین یارییەکی باش ئەنجام بدەین و براوە بین، تاوەکوو بۆ هەمووانی بسەلمێنین دوو یاریی رابردوو بە ئاسانی سەرکەوتنمان بەدەست نەهێناوە”.
هەولێر و زەوڕا لە دوو یاریی رابردووی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق براوە بوون، هەردوو یانە بە کۆکردنەوەی شەش خاڵ لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی ئەو خولە دێن.