یانەی هەولێر، حەیدەر عەبدولئەمیری ڕاهێنەری یانەکەی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دوورخستەوە و ناوی ڕاهێنەری نوێی یانەکەشیان ئاشکرا کرد.
بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، شەوی ڕابردوو، دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر، حەیدەر عەبدولئەمیری ڕاهێنەری یانەکەی دوور خستەوە و قەحتان جەسیری وەک ڕاهێنەری نوێی یانەکە دیاری کرد.
دوای دوورخرانەوەی لە راهێنەرایەتیی یانەی هەولێر، حەیدەر عەبدولئەمیر، گوتی: “نازانم بۆچی لە ڕاهێنەرایەتیی دوورخرامەوە، هەرگیز باسی پارەم نەکردووە.”
یانەی هەولێر، لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، بە ئەنجامدانی 21 یاریی توانیویەتی تەنیا 23 خاڵ کۆ بکاتەوە و لە پلەی چواردەیەمیی ڕیزبەندی خولەکە دێت.
قەحتان جەسیر، لەدایکبووی ساڵی 1973ـە، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق بووە، پێشتر ڕاهێنەرایەتی یانەکانی سناعە، تەڵەبە، قوەجەوییە، شوڕتە و نەجەفی کردووە.