بەبۆنەی جەژنی رەمەزان، رۆژی چوارشەممە چالاکیی بازرگانی لە دەروازەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستانەوە رادەگیرێت و هاتووچۆی گەشتیاران ئاسایی دەبێت.
ئەربیل لایف – ئاسۆ ئەحمەد
بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە سبەی چوارشەممە، واتە رۆژی یەکەمی جەژن، هاتووچۆی بازرگانی بۆ ماوەی 24 کاتژمێر لەگەڵ وڵاتی ئێران رادەگیرێت، هاتووچۆ بۆ گەشتیاران ئاسایی دەبێت. بەڵام جووڵەی بازرگانی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لەگەڵ تورکیا بەردەوام دەبێت.
لە دووەم رۆژی جەژنەوە هەموو هاتووچۆکان بە بازرگانی و گەشتیارییەوە ئاسایی دەبنەوە.
پەروێزخان یەکێکی دیکەیە لە دەروازە سنوورییەکان هەرێمی کوردستان و ئێران، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی راگرتنی جووڵەی بازرگانی، بەرپرسانی دەروازەکە روونیان کردووەتەوە، “ئاگاداری سەرجەم بازرگان و شۆفێران و نووسینگە و کاسبکارانی نێو حەرمی دەروازەکەمان دەکەینەوە، یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز هاتووچۆی بازرگانی بۆ ماوەی 24 کاتژمێر رادەگیرێت.”
بەپێی رێککەوتنێکی پێشوەختەی نێوان هەردوولا، هەموو ساڵێک لە رۆژانی یەکەمی جەژنی رەمەزان و قوربان دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران بەرووی جوڵەی بازرگانی دادەخرێن.
سێ دەروازەی فەرمی و نێودەوڵەتیی لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا هەن، ئەوانیش پەروێزخان لە سنووری گەرمیان، حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر و باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی. جگە لەوانە چەند دەروازەیەکی نیمچەفەرمیش هەن.