ئەربیل لایف – هەولێر
ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت و پاراستنی مافی کرێکاران، لێخۆشبوونی تەواوی (١٠٠٪) لە سزاکانی دواکەوتنی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەرکرد.
بەپێی بڕیاری ژمارە (٣٠٧)ی کۆبوونەوەی ژمارە (١٧٦)ی ئەنجوومەنی وەزیران کە لەسەر پێشنیازی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەرچووە، خاوەنکاران لە تەواوی سزاکانی دواکەوتنی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەبەخشرێن.
ئامانج لەم بڕیارە دروستکردنی دەرفەتێکە بۆ خاوەنکاران تاوەکو بەبێ بارگرانیی دارایی و دوور لە سزای دواکەوتن، پابەندییە داراییەکانیان ڕێکبخەنەوە. لە لایەکی دیکەشەوە، هەنگاوەکە هاندەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی سەرچاوە داراییەکانی «سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی»، کە ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە پاراستنی ماف و شایستە داراییەکانی کرێکاران و دەستەبەرکردنی مووچەی خانەنشینییاندا دەگێڕێت.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دووپاتی دەکاتەوە کە لە چوارچێوەی سیاسەتی چاکسازی و ئاسانکاریکردندا، بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی سیستەمی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ چەسپاندن و بەهێزکردنی بنەماکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستاندا.

