بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا، دەست بە نۆژەنکردنەوەی منارەی چۆلی، یەکێک لە شوێنەوارە دێرین و ناسراوەکانی شاری هەولێر بکرێت، ئەم پڕۆژەیە بە ئامانجی پاراستنی ئەم میراتە مێژووییە و ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران ئەنجام دەدرێت.
پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی منارەی چۆلی، کە یەکێکە لە شوێنەوارە دیارەکانی پایتەختی هەرێمی کوردستان و بە یەکێک لە منارە دەگمەنەکانی ناوچەکە و جیهان دادەنرێت، کارەکانی نۆژەنکردنەوە بڕیارە لەم نزیکانەدا دەست پێبکات.
منارەی چۆلی دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای قەڵای هەولێر، ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە پاراستنی منارەکەیە لە تێکچوون و هەروەها ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانییە بۆ ئەم شوێنەوارە مێژووییە.
کارەکان گۆڕینی شوورەی منارەکە، پڕکردنەوەی کەلێنەکان، دانانی کامێرای چاودێری لە دەوروبەری و چەندین گۆڕانکاریی دیکە لەخۆدەگرێت.
تیمێکی شارەزای وڵاتی چیک، کە ١٧ ساڵ لەمەوبەریش کاری نۆژەنکردنەوەیان بۆ منارەکە کردبوو، لێکۆڵینەوەی وردیان ئەنجامداوە و کەموکوڕییەکانیان بۆ دەستپێکردنی کارەکان دەستنیشان کردووە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێریش سەرپەرشتیی پڕۆژەکە دەکات.
منارەی چۆلی، کە بە “منارەی موزەفەرییە”ش ناسراوە، مێژووەکەی بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی سوڵتان موزەفەرەدین کۆکبری (١١٩٠-١٢٣٢ زایینی) دەگەڕێتەوە.
بەرزیی منارەکە نزیکەی ٣٧ مەترە و بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر دەوروبەری چۆڵەوانی بووە، بە “منارەی چۆلی” ناوبانگی دەرکردووە، یەکێک لە تایبەتمەندییە ناوازەکانی ئەوەیە کە دوو دەرگا و دوو ڕێڕەوی پلیکانەی جیاوازی هەیە بۆ سەرکەوتن.