ئەربیل لایف – هەولێر
پ. د. فەرهاد پیرباڵ، نووسەر و ئەدیبی ناسراوی کورد، ڕایگەیاند کە یەکێک لە بەناوبانگترین بەرهەمە ئەدەبییەکانی بە ناوی ڕۆمانی “هۆتێل ئەوروپا” دەکرێتە فیلمێکی سینەمایی و بۆ ئەو مەبەستەش گەشتی وڵاتی فەرەنسا دەکات.
پ. د. فەرهاد پیرباڵ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ “ئەربیل لایف” بۆ یەکەمین جار ئاشکرای کرد کە ڤیزەی گەشتکردنی وەرگرتووە و بڕیارە لە ٢٧ی ئەم مانگەدا ڕوو لە شاری پاریس بکات. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆژەی گۆڕینی ڕۆمانەکەی بۆ فیلم لە پاریس ئەنجام دەدرێت و کارەکانی بەرهەمهێنانی دەستی پێکردووە.
ئەم نووسەرە بە شێوازە تایبەتەکەی خۆی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم هەواڵە دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم سەرکەوتنە لەگەڵ هاوڕێ و هاوکارانی لە پاریس بە ئاهەنگگێڕان پیرۆز دەکەن.
ڕۆمانی “هۆتێل ئەوروپا” یەکێکە لە کارە دیارەکانی فەرهاد پیرباڵ کە تێیدا باس لە ژیانی کۆچبەران و ئاوارەیی لە وڵاتانی ڕۆژاوا دەکات، و بڕیارە ئێستا لە ڕێگەی شاشەی سینەماکانەوە چیرۆکەکەی نیشانی بینەران بدرێت.


