ئەربیل لایف – هەولێر
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەکارییەکانی بۆ دەستپێکردنی خولێکی نوێی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) دەستپێکردووە و چەندین گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە شێوازی تاقیکردنەوە و پێوەرەکانی خاڵبەندیدا ڕادەگەیەنێت.
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی باڵا لە وەزارەت، وادەی فەرمیی دەستپێکردنی پێشکەشکردن بەستراوەتەوە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزارەت. لەگەڵ ئەوەشدا، زانکۆکان پلانەکانیان بۆ هەردوو جۆری کورسیی (خۆڕایی و هاوتەریب/پارالێل) ڕەوانە کردووە و دوای پەسەندکردنیان، بە شەفافی لە پێگەی فەرمیی وەزارەت بڵاودەکرێنەوە.
گرنگترین گۆڕانکارییەکان:
– مەرجی زمانی ئینگلیزی: زمانی ئینگلیزی دەبێتە مەرجێکی پێشوەختە بۆ پێشکەشکردنی ماستەر و دکتۆرا، نەک خاڵی پێشبڕکێ.
– تاقیکردنەوەی توانستی زانستی: نمرەی تاقیکردنەوە لە ۳۰ـەوە بۆ ٤۰ نمرە بەرزکراوەتەوە، سەرجەم پرسیارەکانیش بە شێوازی هەڵبژاردن دەبن و لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێردا ئەنجامەکان ئاشکرا دەکرێن.
– درێژەدان بە خوێندنی دکتۆرا: خوازیاران تەنیا دەتوانن لە پسپۆڕییە نزیکەکانی بەشەکەی خۆیاندا داواکاری پێشکەش بکەن.
– سیستمی خاڵبەندی: تەمەن و توانستی ئینگلیزی لە پێشبڕکێی خاڵبەندی دەرهێنراون.
بۆ دبلۆمی باڵا تەنیا کۆنمرەی بەکالۆریۆسی سەرووی ٥۰ هەژمار دەکرێت؛ بۆ ماستەر کۆنمرەی بەکالۆریۆسی سەرووی ٦۰ لەگەڵ تاقیکردنەوەی توانست؛ بۆ دکتۆراش کۆنمرەی بەکالۆریۆسی سەرووی ٦۰، ماستەری سەرووی ۷۰، تاقیکردنەوەی توانستی سەرووی ۲۰، لەگەڵ توێژینەوە و دڵنیایی جۆری پێوەری وەرگرتن دەبن.

