ئەربیل لایف – هەولێر
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر، جۆرێکی نوێی کامێرای گەڕۆکی بۆ پێوانی خێرایی لەسەر ڕێگەی سەرەکی و خێرای هەولێر – کەرکووک خستە گەڕ، ئەوەش بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی خێرایی و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان.
ئەم کامێرایە کە لەسەر شێوازی عەرەبانەی ڕاکێشراو (ترایلەر) دروست کراوە، گەڕۆکە و بەراورد بە جۆرەکانی پێشوو قەبارەیەکی گەورەتر و توانای مانەوەی زیاتری هەیە لە شوێنە دەستنیشانکراوەکاندا. بەپێی وتەی پۆلیسی هاتووچۆ، دانانی ئەم کامێرایە لە دەروازەی هەولێر – کەرکووک بەهۆی ئەوەیە کە ڕێگەیەکی سەرەکییە و ڕۆژانە هاتووچۆیەکی زۆری شۆفێران و گەشتیارانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقی لەسەرە.
هاوکات هاتووچۆی هەولێر، وێڕای هۆشداریدان بە شۆفێران بۆ پابەندبوون بە خێراییی دیاریکراو، ژمارەی تایبەتی (٠٧٥٠٦٩٥٤٤٤٥)ی بۆ هاووڵاتییان ڕاگەیاند تا لە ڕێگەی بەرنامەکانی پەیوەندییەوە (واتسئاپ، ڤایبەر، تێلێگرام) وێنە و گرتەی ڤیدیۆییی سەرپێچییەکان بنێرن. لەگەڵ ئەوەشدا مەرجی ئەوەیان داناوە کە وێنەگرەکە نابێت لە کاتی شۆفێریکردندا بێت، ئەگینا خۆیشی بەهۆی بەکارهێنانی مۆبایل لە کاتی لێخوڕیندا سزای یاسایی دەدرێت.

