ئەربیل لایف – هەولێر
لە شاری هەولێر، پڕۆژەی دروستکردنی تاوەرێکی ناوازە و مۆدێرن بە بەرزیی ٤٥٠ مەتر دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە دەبێتە هێمایەکی نوێی بیناسازی لە ئاسمانی پایتەختی هەرێمی کوردستاندا.
بەپێی زانیارییەکانی پڕۆژەکە، ئەم تاوەرە نوێیە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێتە سێیەم بەرزترین باڵەخانە، لە دوای تاوەری «بورج خەلیفە» لە ئیمارات بە بەرزیی ٨٢٨ مەتر و «تاوەری کاتژمێری مەککە» لە سعوودیە بە بەرزیی ٦٠١ مەتر.
پڕۆژەکە بە دروشمی «هەولێر بەرەو بەرزایی دەڕوانێت» و بە مەبەستی نەخشاندنی ئاسۆیەکی گەشتر و پێشکەوتوو بۆ شارەکە ڕاگەیەندراوە؛ کە هاوشانی قەڵا دێرینەکەی هەولێر، ڕوخسارێکی سەردەمییانە و شارستانی بە پایتەخت دەبەخشێت و پێگەی شارەکە لە بواری گەشەپێدانی بیناسازی و ئابووریدا لەسەر ئاستی ناوچەکە بەهێزتر دەکات.

