ئەربیل لایف – هەولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی د. عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، هێمن قادر، جێگری پارێزگار و نوێنەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان، لە دیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی لافاوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو و ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان و بارانبارین بەڕێوە چوو.
لە بەشی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، لێکەوتەکانی لافاو و ئاستی زیانە گیانی و داراییەکان بەپێی خەمڵاندنی دەستە گەڕۆکەکان تاوتوێ کران؛ هاوکات کارەکانی پاککردنەوە و دۆخی ئەو گەڕەک و شەقامانەی سنووری شارەوانیی هەولێر کە بەهۆی بارانبارینی چڕەوە ئاویان لێ کۆ ببووەوە، بە وردی هەڵسەنگێنران و پێداویستییەکانی چارەسەرکردنیان دیاری کران.
لە تەوەرێکی دیکەدا، بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو و پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتییان، دووپات لەسەر خێراکردن و بەردەوامیی خاوێنکردنەوەی کەند و جۆگەکانی ئاو، ڕێڕەوەکانی ئاوەڕۆ و دڵنیابوون لە ئامادەیی تۆڕەکانی دەرکردنی ئاو کرایەوە. پارێزگاری هەولێریش داوای کرد بڕیار و ڕاسپاردەکان بە هاوئاهەنگیی زیاتری فەرمانگەکان بکرێنە هەنگاوی کردەیی؛ لە کۆتاییشدا بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان، دەستەی تایبەت پێک هێنرا و بەرنامەی کار دیاری کرا.

