ئەربیل لایف – هەولێر
وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی سیستەمی «پزیشکیی خێزانی» لە هەرێم ڕادەگەیەنێت، کە ئامانج لێی نزیکخستنەوەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانە لە ماڵی هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی بارگرانییە لەسەر نەخۆشخانە گشتییەکان. وەک نموونەیەکی کارای ئەم سیستەمەش، بنکەی تەندروستیی شەهید نازدار بامەڕنی لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێشکەش بە هەزاران هاووڵاتی کردووە.
بەپێی ئاماری فەرمیی وەزارەتی تەندروستی، لە ماوەی ئەو دە مانگەدا لە ڕێگەی ئەم بنکەیەوە توانراوە چاودێرییەکی تەندروستیی سەرەتایی و گشتگیر پێشکەش بە خێزانەکان بکرێت، خزمەتگوزارییەکانیش بەم شێوەیە بوون:
– بینینی نەخۆش: ٧،٣٨٨ چارەخواز سەردانی بنکەکەیان کردووە و پشکنین و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.
– پێکوتە (کوتان): ٧،١٧٧ ژەمە پێکوتەی جۆراوجۆر بە هاووڵاتیان دراوە، بە مەبەستی پاراستنیان لە نەخۆشییە گوازراوەکان.
– شیکاریی تاقیگەیی: ٢،٩١١ پشکنین و شیکاریی تاقیگەیی ئەنجام دراون.
– تەندروستیی دەم و ددان: خزمەتگوزاریی پزیشکی پێشکەش بە ١،٣٢١ چارەخواز کراوە.
– پشکنینی سۆنەر: ٥٢٢ پشکنین بۆ سەردانکەران ئەنجام دراوە.
– چاودێریی دایکانی دووگیان: بەدواداچوونی تەندروستی بۆ ٤٠٢ دایکی دووگیان دابین کراوە.
– ڕێکخستنی خێزان: ١٦٧ هاووڵاتی لە خزمەتگوزاری و ڕاوێژەکانی ئەم بەشە سوودمەند بوون.
وەزارەتی تەندروستی جەخت دەکاتەوە کە ئەم دەستکەوت و ئامارانە سەلمێنەری ئەوەن کە بنکەکانی پزیشکیی خێزانی لە هەرێمی کوردستان بوونەتە دەروازەیەکی سەرەکی و متمانەپێکراو بۆ پاراستنی تەندروستیی کۆمەڵگە، هەروەها پڕۆژەکە هەنگاوێکی زانستی و ڕێکخراوە بەرەو بەهێزکردنی کەرتی تەندروستیی گشتی.

