ئەربیل لایف – هەولێر
زانکۆی سەلاحەدین قۆناغی دووەمی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی “سوود پڵەس”ی ڕاگەیاند، کە بەپێی پڕۆژەکە، هەڵگرانی پێناسی زانکۆکە و کەسوکاری پلەیەکیان لە ١١٢ شوێن و ناوەندی بازرگانی لە سەرتاسەری شاردا داشکاندنی داراییان بە ڕێژەی جیاواز بۆ دەکرێت.
ڕاگەیاندنی پڕۆژەکە بە ئامادەبوونی پ. د. کامەران یونس محەمەدئەمین، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بەڕێوەچوو. لەوبارەیەوە د. سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین ئاشکرای کرد: “دوای سەرکەوتنی قۆناغی یەکەم لە کەرتی تەندروستیدا، لە قۆناغی دووەمدا پڕۆژەی (سوود پڵەس)مان فراوانتر کردووە و کەرتەکانی دیکەی وەک خواردنگە، هۆڵە وەرزشییەکان، فرۆشگەکانی پۆشاک و خزمەتگوزارییەکانی تێدا جێگیر کراوە.”
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆ ئاماژەی بەوەش دا، کە سەرجەم مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکارانی هەڵگری پێناسی زانکۆی سەلاحەدین، هاوشانی کەسوکاری پلەیەکیان (دایک، باوک، هاوسەر و منداڵ)، دەتوانن لە داشکاندنی نرخەکان لە ١١٢ شوێنی دیاریکراودا سوودمەند بن، کە ڕێژەی داشکاندنەکان لە نێوان ٪٥ بۆ ٪٦٠ دایە.
پوختەی ڕێژەی داشکاندن بەپێی کەرتەکان:
– چێشتخانە و خواردنگە خێراکان: داشکاندنی ٪١٠ تا ٪٣٠ لە دیارترین چێشتخانەکان، خواردنگەکانی گەس، پیزا، کەباب و قاوەخانەکان (وەک: فیش لاند، ماسی میر، چێشتخانەی ئەبو شەهاب، فوود کۆرت، برگر کینگ، کاسا نۆسترا و دەیانی تر).
– پۆشاک و پێداویستی: داشکاندنی ٪١٠ تا ٪٣٠ لە کۆمەڵێک براند و مۆڵ (وەک: پاوڵ مارک، مارکە مۆڵ، سیتی مۆڵ، زێرڤا، ستۆریا کۆلێکشن، براندس و تاهیر پرایڤت).
– هۆڵەکانی لەشجوانی و وەرزش: داشکاندنی ٪١٠ تا ٪٦٠ لە هۆڵە وەرزشییەکان (لەوانە: هۆڵی HH&، ئەڤینۆ جیم، فیت فاست، بیگ ڕامی، ئایرۆن پارادایس و چەندین هۆڵی تر).
– کتێبخانە و فێرکاری: داشکاندنی ٪١٠ تا ٪٢٥ لە پەرتووکفرۆشییەکانی (مەحوی، فێربوون و هەڤاڵ).
– کۆمپیوتەر، تەکنەلۆژیا و کەلوپەلی ماڵ: داشکاندنی ٪٥ تا ٪٢٥ بۆ کڕینی کەلوپەلی ناوماڵ، مۆبیلیات و پێداویستییە تەکنەلۆژییەکان.
– تەندروستی و گەشتیاری: داشکاندن تا ٪٥٠ لە هۆتێل و سەنتەرە تەندروستی و پزیشکییەکان.
(هەڵگرانی پێناس تەنیا بە پێشکەشکردنی پێناسی فەرمیی زانکۆی سەلاحەدین دەتوانن ڕاستەوخۆ لەم داشکاندنانە سوودمەند بن).

