ئەربیل لایف – هەولێر
لە چوارچێوەی پلانی بەردەوامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی لافاو و کەمکردنەوەی مەترسیی کۆبوونەوەی ئاوی باراناو، ئێستا لە سنووری شاری هەولێر دوو گەورەپڕۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆ بە درێژایی زیاتر لە ٤١ هەزار مەتر لە قۆناغی جێبەجێکردندان.
پڕۆژەکان لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی هەولێرەوە جێبەجێ دەکرێن، کە بە گشتی ٣٥ هەزار مەتر ئاوەڕۆی لوولەیی و ٦ هەزار و ٥٠٠ مەتر ئاوەڕۆی سندووقی لەخۆدەگرن.
وردەکاریی پڕۆژەکان بەم شێوەیەیە:
– پڕۆژەی یەکەم: لە چوارچێوەی پەرەپێدانی شەقامی (هەولێر – قوشتەپە) جێبەجێ دەکرێت؛ پێکهاتووە لە دروستکردنی ١٧ هەزار مەتر ئاوەڕۆی لوولەیی و دوو هەزار مەتر ئاوەڕۆی سندووقی.
– پڕۆژەی دووەم: لەسەر شەقامی ٦٠ مەتری لە نێوان هەردوو شەقامی ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتری کارەکانی بەڕێوەدەچێت؛ پێکهاتووە لە دروستکردنی زیاتر لە ١٧ هەزار مەتر ئاوەڕۆی لوولەیی و ٤ هەزار و ٥٠٠ مەتر ئاوەڕۆی سندووقی.
تەواوبوونی ئەم کارانە دەبێتە هۆی پاراستنی ئەو ناوچانە و نەهێشتنی مەترسیی لافاو لە کاتی بارانبارینی زۆردا.

