ئەربیل لایف – هەولێر
لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و ڕێکخستنەوەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە واژووی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ـدا هەمواری دووەمی ڕێنمایی مەرجەکانی سەلامەتی و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراوی دەرکرد.
ئەم هەموارە کە پاڵپشتە بە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٠٩ و کۆنووسی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دارایی و ئابووری (بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ) لە ڕێکەوتی (١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦)، خاڵی (١١) لە بڕگەی دووەمی بەندی حەوتەمی ڕێنمایی ژمارە (١٤)ی ساڵی ٢٠٢٥ هەڵدەوەشێنێتەوە و بەم شێوەیە جێگەی دەگرێتەوە:
١. ئۆتۆمبێلی تەواو کارەبایی: ئەو ئۆتۆمبێلانەی هیچ جۆرە بزوێنەرێکی سووتەمەنییان (بەنزین، گاز، گازۆیل، هایدرۆجین یان هەر سووتەمەنییەکی دیکە) نییە، بە ڕێژەی (١٥٪) گومرگیان لێ وەردەگیرێت و بە تەواوی لە باج و خەرجیی تابلۆ و ژینگە دەبەخشرێن.
٢. ئۆتۆمبێلی کارەبایی بە بزوێنەری بارگاویکەرەوە: ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە کارەبا و سووتەمەنی کار دەکەن و بزوێنەری سووتەمەنییان تێدایە، بەڵام بزوێنەرەکە هیچ ڕۆڵێکی لە جووڵاندنی ئۆتۆمبێلەکەدا نییە و تەنیا بۆ بارگاویکردنی پاتری بەکاردێت، بە ڕێژەی (١٥٪) گومرگیان لێ وەردەگیرێت، بە تێچووی ئۆتۆمبێلی (٤) پستۆن تۆمار دەکرێن و سەرجەم باج و خەرجییەکانی تۆمارکردنیان لێ وەردەگیرێت.
٣. ئۆتۆمبێلی هایبرێد و میڵدهایبرێد: ئەو ئۆتۆمبێلانەی بزوێنەری سووتەمەنییان هەیە و پاتریی کارەباییشیان تێدایە، بەپێی ژمارەی پستۆنەکانیان تۆمار دەکرێن و سەرجەم باج و خەرجییەکانیان لێ وەردەگیرێت.
بەپێی بڕیارەکە، ئەم هەموارە لە ڕێکەوتی (١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٧)ـەوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە.

