ئەربیل لایف – هەولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە (٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦)، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی تایبەت، داواکارییەکی فەرمیی حکوومەتی عێراقی فیدراڵی ئاراستەی سەرجەم کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان کرد، بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست سەبارەت بە ڕاگرتنی کاتیی سەکۆی «تێلێگرام».
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، بڕیارەکەی بەغدا لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمەوە بەدەستیان گەیشتووە و هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتی نایاسایی لەو سەکۆیەدا، کە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، هاوشانی بڵاوکردنەوەی گوتاری توندوتیژی و ڕق و کینە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، حکوومەتی عێراقی فیدراڵ ماوەی ٣٠ ڕۆژ دەرفەتی داوەتە کۆمپانیای بەڕێوەبەری تێلێگرام تا پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان ببێت؛ هاوکات وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم داوای لە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت کردووە، بەپێی یاسا و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا، کاری پێویست لەو بارەیەوە ئەنجام بدەن.

