نازم دڵبەند
سوارچاکی و سیمای ئەسپی رەسەن و هێستری بەوەج، لە كۆنەوە بەدەو بوون، زۆر جار پێشکەشکردنی ئەسپێکی رەسەن بە دیاری بووەتە هۆکاری کپبوونی ئاگری شەڕی گەورە و بەرپابوونی ئاشتەوایی.
لە سەردەمی گەنجییدا، ئەم جۆرە ئەسپانەم لە هەولێر دیتوون، ئەوکات زیاتر ئاغا و بەگەکان هەیانبوو. قەت لەبیر ناکەم، ئەو ئێوارانەی مام فەرهاد ئەبوشوارب لە غاباتی کورانەوە بە سواری ئەسپێکی زینکراو لەگەڵ چەند تاژییەک بۆ راوکردن رووی لە ئاقاری تووڕەق دەکرد، یان نووری مەحمودی نائیب زابت کە بە ئەسپ و تاژییەکانییەوە بەرەو زوورگەکانی گوندی ساتۆری خدراغا بۆ راوکردنی کەروێشک و مامز، دەکشا.
ئەودەم خدر پاشا، عەلی مەحمود کاکەخان و سابیراغای قوشتەپە لە کەسە دیارەکانی دەشتی هەولێرێ بوون، کە بە خاوەنداریی ئەسپی رەسەن دەناسرانەوە و هاتوچۆشیان بۆ گوندەکان هەر بە ئەسپ بوو.
جگە لە ئاغا و بەگەکان، منداڵ و هەرزەکاری بنەماڵە هەژارەكان رۆژانی جەژن بەختی ئەوەیان دەبوو لە بن لەیلووکان لە شوێنی ئێستای بازاڕی داون تاون، بە بڕێک پارە، بۆ ماوەیەکی کورت سواری ئەسپ یان هێستر بن.
لە بەختی من، لە قوتابخانەی ئازادی دوو قوتابی بە ناوەکانی سمکۆ و کوردۆ بوونە هاوڕێم، باب و کەسوکاری ئەو دووانە، بازرگانیی ئەسپ و هێستریان دەكرد، لە شار و ناوچەکانی دیکەوە دەیانهێنانە هەولێرێ، لە ڕێی ئەو دوو هاوڕێیەمەوە شتێك لەبارەی بازرگانیی ئەسپ و هێستر و وردەکارییەكانی فێر بووم.
چەند ساڵێک دواتر، بازاڕی ئەسپ و هێستر کەوتە پشت مزگەوتی شێخەڵڵا، لەو بازاڕە، چەندین پیاو بە جلی کوردی و هەوری و جەمەدانییەوە مامەڵەیان بە ئەسپ و هێسترەکان دەکرد. ئەو کەسانە پێیان دەگوترا جامباز و لە نێوان خۆیاندا زیاتر بە زمانی تورکمانی قسەیان دەکرد.
وشەی جامباز بۆ من نامۆ نەبوو، پێشتر لەو کاتانەی قسە یان کارێکی لە تەمەنی خۆمان گەورەترمان بکردبا، دایکمان بە نیمچە سەرسوڕمانێکەوە دەیگوت ”ئای چەند جامبازی“.
جەمال جامباز لەدایکبووی ١٩٥٠یە و جامبازی لە باب و باپیریەوە فێر بووە، لە منداڵییەوە چووەتە بازاڕی وڵاخان، کە سەرەتا لە پشت مزگەوتی شێخەڵڵا بوو، بەگوتەی ئەو، کاری جامبازی بەر لە ١٢٠ ساڵ گەیشتووەتە هەولێرێ و جامبازە هەرە ناسراوەکان بریتی بوون لە شێخان جامباز، حاجی عوسمان جامباز، عەباس کەتۆ، مام جەمیل، مام مەقسود، فەتاح پیرداود، مام شاکر، رۆستەم قەرۆک و یاسین کەبابچی.
ئەو جامبازانە، کە هەموویان خەڵکی هەولێر بوون و دانیشتووی تەعجیل، تەیراوە و ناو قەڵات بوون، ئەسپ و هێسترەکانیان لە مووسڵ، فەللوجە، حیللە و بەغداوە دەهێنایە هەولێرێ، جگە لە هێنانیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە رێگای قاچاغ، بازاڕەکەشیان دوای نوێژی بەیانی دەستی پێ دەکرد و تا چێشتانێ (سەرلەبەیانی) بەردەوام دەبوو.
ئەو ئەسپ و هێسترانەی ئەو رۆژە نەدەفرۆشران، دەبرانە خانی مام ونس لە پشت بانکی نیشتیمانیی ئێستا، کە لە بەرانبەر بڕێک پارە، ئەو وڵاخانەی تا رۆژی دواتر تێدا دەحەوێندرانەوە و خزمەت دەکران.
کڕیاری وڵاخە ئاساییەکانی ئەو جامبازانە، خەڵکی گوندەکان بوون، کە بۆ کاری جووتیاری و هاتوچۆ بەکاریان دەهێنان. بەڵام کڕیاری ئەسپە باش و رەسەنەکان، ئاغا و بەگەکان بوون. جەمال جامباز ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئاغا و بەگەکان بەردەوام جامبازەکانیان ئاگادار دەکردەوە ئەگەر ئەسپێکی رەسەنیان بۆ هات، ئەوا ئاگاداریان بکەنەوە، نرخی ئەسپێکی رەسەنیش ئەوکات دەگەیشتە ١٠٠ دینار.
ئەو جامبازانە کە هەموویان سوارچاک بوون و خزموکەسی یەکتریش بوون، دوای تەواوبوونی کارەکەیان لە سەرلەبەیانیدا، دەچوونە خواردنگەکەی سلێمان قاوەچی و تەشریبیان دەخوارد و رۆژانەش لە چایخانەی مام حەمید (لە شوێنی ئێستای بازاڕی سیروان)، دادەنیشتن.
جەمال جامباز یادگارییەکی جامبازەکانی گێڕایەوە، کە رۆژانی جەژن لە بن لەیلوکان پێشبڕکێیان دەکرد، تا گوندی کونەگورگ و دارەتوو دەچوون و دەگەڕانەوە، هەر سوارچاکێک یەکەم بووایە، دەبوایە کاوڕێک بکڕێ و هەموو ئامادەبووان داوەت بکات. دەشڵێ سوارچاکەکانی ئەوکاتی جامبازەکان بریتی بوون لە جەمال جامباز، عەبدولڕەزاق، سەدیق بەگ، حوسێن راوچی و ئەنوەر خدر. بەتایبەتیش یادگارییەکی خۆی و ئەنوەر خدر دەگێڕێتەوە، کە پێشبڕکێیان کردووە و جەمال جامباز یەکەم بوو. دواتر جەمال بە ئەنوەری گوتووە دەی کاوڕەکە بکڕە، ئەویش گوتوویەتی بیدۆڕێنم و کاوڕیش بکڕم؟ کەی شتی وا لە تەئریخ بووە؟!
ئێستا بەهۆی زیادبوونی ئۆتۆمبێل و فراوانبوونی شارەکان، بازاڕی جامبازان نەماوە و بەپێی زانیارییەکان، لە هەولێر تەنیا دوو کەس عەبدوڵڵا خەسرۆ و جەلال حەمەدێ کاری جامبازی دەکەن.
هونەر ئەسکەندەر عوسمان، کە باب و باپیری جامباز و سوارچاک بوون، بۆ (گلکەند) قسەی کرد و ئاماژەی بەوە دا، شوێنی راگرتنی ئەسپ و هێسترەکانی جامبازان حەساری عوسمان خانچی بوو، گوندنشینەکانیش ئەگەر ئەو رۆژە وڵاخەکانیان نەفرۆشرابا، دەیانبردە خانی مام ونس، کە هەردووکیان لە پشت بانکی نیشتمان و مۆزەخانەی پەروەردەی ئێستا بوون. گوندنشینەکانیش خۆیان دەچوونە ئوتێل كە لە شوێنی ئێستای بازاڕی سیروان بوو و تەنیا چەند قەرەوێڵەیەکی ئاسن و شەربەی ئاوی هەبوو.
بۆ هێنانی ئەسپی رەسەن، مام عوسمان و مام شێخان جامباز، کە پسپۆڕ بوون لە ناسینەوەی ئەسپ و هێستری باش، بەردەوام لە گەشتی ئێران بوون، ئێرانییەکانیش دەهاتنە بازاڕی وڵاخان لە هەولێر، کە بازاڕێکی بە هەڕمێن بوو، چونکە گوندنشینەکان بەردەوام کاریان بە هێستر و ئەسپ بوو.
ئەگەرچی کاری جامبازی نەما، بەڵام مێژووی جامبازەکان کە سەردەمێک گەورە بازرگانی هەولێر بوون، بەشێکە لە یادەوەرییەكانی هەولێر.
سەرچاوە: هەفتەنامەی گڵکەند