هێمن بابان، رۆژنامەنووس لە شاری هەولێر، ئەم بابەتەی لە هەژماری فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و پێشنیاری ئەوە دەکات، شوێنی ئەو مۆلیدە ئەهلییانەی لە گەڕەکەکان هەڵدەگیرێن بکرێتە سەوزایی و رێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر زیاد بکرێت.
ماوەیەکە پڕۆژەی کارەبای ٢٤ کاتژمێر ڕاگەیاندراوە، سەرەڕای تێبینی زۆرمان لەسەر تێچووی یەکەی کارەباکە، بەڵام بەراورد بە پارەی مۆلیدە و پارەی کارەبای نیشتمانی و بوونی ئەو ھەموو گازە ژەھراوییە، کارەبای ٢٤ کاتژمێری پڕۆژەیەکی باشە.
ئەگەر بەراوردی بکەم بە کارەبای ماڵەکەی خۆم، شەش ئەمپێر کارەبای مۆلیدەم ھەیە، ھەموو مانگێک بۆ ھەر ئەمپێرێک بڕی ٢٠ ھەزار دینار دەدەم بە خاوەن مۆلیدەکە، واتا ١٢٠ ھەزار دینار بۆ ھەر شەش ئەمپێرەکە، ھەروەھا ئەگەر نزیکەی ٢٠ ھەزار دیناریش کارەبای نیشتمانی بێت، واتا مانگانە ١٤٠ ھەزار دینار دەدەم بە کارەبا، بەڵام ناتوانم بە دڵی خۆم کارەباکەی مۆلیدە بەکاربھێنم، سەرەڕای درەنگ داگیرساندن و فیوزکردن و ھەندێکجار لەکارکەوتنی مۆلیدە و چەند ڕۆژێک بێ کارەبایی و بوونی ئەو ھەموو گازە دەدراوە ژەھراوییەش.
بۆیە پڕۆژەی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی پڕۆژەیەکی باشترە بەراورد بە مۆلیدەکان، بەڵام تێبینی لەسەر یەکەی (وەحدە)ی کارەباکە ھەیە کە نرخەکەی پێویستە ھەرزانتر بێت، لەگەڵ ئەوەشدا چونکە کارەباکە بەشێوەی کارتە، ئەوا بەکارھێنەران زیاتر ئاگاداری سەرفکردنی کارەبا دەبن و کەلوپەلی زیادە داناگیرسێنن.
ئێستا کە خاوەن مۆلیدەکان دژی بڕیاری کارەبای ٢٤ کاتژمێری خۆپیشاندان دەکەن، بێگومان ئەمە دژی خزمەتگوزارییەکە کە خەڵک لێی سوودمەند دەبێت و جۆرێکە لە تاوان، ناکرێت کەسێک بەرژەوەندی نەما خۆپێشاندان بکات، چونکە لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا، خاوەن مۆلیدەکان بە خواستی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ ھاوبەشەکانییان کردووە و ئێستاش دەیکەن، لەوەی کامە جۆری گاز خراپە بۆ مۆلیدەکان بەکاریدەھێنن و بەشێکی زۆری ڕێژەی ھەڵکشانی شێرپەنجە، پەیوەندی بە دووکەڵی ژەھراوییەوە ھەیە کە مۆلیدەکان بەشێکن لەم بابەتە، ھەروەھا دانانی نرخی ئەمپێر و شێوازی کاتی ھەڵکردن و کوژانەوەی مۆلیدەکان ھەموو کەوتووەتە ناو دەستەیەکی بەرژەوەندیخواز کە ئەوەی حساب بێت بۆ ھاووڵاتی ناکرێت، بۆیە پڕۆژەی ٢٤ کاتژمێری بەراورد بەو قۆرخکارییەی پێشتر ھەبووە لەلایەن خاوەن مۆلیدە و ئەنجوومەنی مۆلیدەکان، پڕۆژەیەکی زۆریش باشە، داواش دەکەم شوێنی سەرجەم مۆلیدەکان بکرێتە سەوزایی و پاڕک بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو ژەھراوییە بکرێتەوە کە چەند ساڵە لەم شوێنانە بڵاودەبێتەوە.