ئەربیل لایف – هەولێر
سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر پەیامێکی هۆشیاریی ئاراستەی هاوڵاتیان و گەشتیاران دەکات و داوایان لێدەکات لە کاتی سەردانیکردنی سەیرانگا و شوێنە سروشتییەکانی دەوروبەری شار، بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ژینگەدا بکەن و پاکوخاوێنی شوێنەکان بپارێزن.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، شارەوانی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە کە سەیرانگاکان سامانێکی نیشتمانی و جوانییەکی هاوبەشن، ئەرکی هەموو لایەکیشە پارێزگارییان لێ بکەن. تێیدا هاتووە: “داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەوێست دەکەین، پاشماوەکانیان لەناو کیسەی نایلۆن کۆبکەنەوە و لەگەڵ خۆیان بیگەڕێننەوە ناو شار، تاوەکو لەلایەن تیمەکانی شارەوانییەوە لەبەردەم ماڵەکانیان کۆبکرێتەوە.”
ئەم داواکارییە لە پێناو هێشتنەوەی ناوچە گەشتیارییەکانە بە پاکی و جوانی بۆ ئەوەی هەمووان سوودی لێ ببینن. شارەوانی جەختیشی کردووەتەوە کە پاراستنی ژینگە بە واتای پاراستنی داهاتووی نەوەکانمان دێت و هیوای خواستووە هاوڵاتیان بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، هاوکار بن لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیەدا.

