ئەربیل لایف – هەولێر
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان،
فەرمانێکی وەزاری دەرکرد سەبارەت بە گۆڕینی دیزاین و ڕەنگی جلی یەکپۆشی
خوێندکارانی ناوەندە حکومییەکانی خوێندن (لە باخچەی منداڵان تا پۆلی ١٢ی
ئامادەیی)، کە بڕیارە لە ساڵی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧)ـەوە جێبەجێ بکرێت.
ڕەنگی جلەکان بەپێی قۆناغەکان بەم شێوەیە دەبێت:
- باخچەی منداڵان: تیشێرتی نارنجی + پانتۆڵ یان تەنوورەی نیلی.
- بنەڕەتی (پۆلی ١-٦): تیشێرتی مارۆنی + پانتۆڵ یان تەنوورەی نیلی.
- بنەڕەتی (پۆلی ٧-٩): تیشێرتی نیلی + پانتۆڵ یان تەنوورەی ڕەساسی.
- ئامادەیی (پۆلی ١٠-١٢): تیشێرتی ڕەساسی + پانتۆڵ یان تەنوورەی ڕەش.
خاڵە گرنگەکانی فەرمانەکە:
١. ئازادی کڕین: وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە کارگێڕی ناوەندەکانی خوێندن بە هیچ
شێوەیەک مافی ئەوەیان نییە خوێندکاران ناچار بکەن لە شوێنێکی دیاریکراو جلەکان
بکڕن، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.
٢. کوالێتی قوماش: بۆ پاراستنی کوالێتی، پێویستە تیشێرتەکان (٧٠٪ کەتان و ٣٠٪ پۆلیستەر) بن و پانتۆڵەکان (٥٠٪ کەتان، ٤٧٪ پۆلیستەر و ٣٪ سپاندێکس) بن.
٣. بۆ بازرگانان: لە ڕێکەوتی ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٦ـەوە، بازرگانان دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی
پەروەردە بکەن بۆ وەرگرتنی کەتەلۆگی جۆر و ڕەنگ و دیزاینە پەسەندکراوەکان.
٤.جلوبەرگی وەرزشی: کڕینی قەمەسلە و جلی وەرزشی ئارەزوومەندانەیە و قوتابخانەکان بۆیان نییە فشاری کڕینیان لەسەر دروست بکەن.
ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێک بۆ ڕێکخستنەوەی سیمای ناوەندەکانی خوێندن و یەکخستنی جلی
خوێندکاران لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دراوە.

