وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، دەبێت فەرمانبەرانی گرێبەست بەو ناونیشانە هەمیشەیی بکرێن کە هاوشانی بڕوانامەکانیانە.
لە رونکردنەوەی وەزارەتی شارەوانیدا هاتووە، ئەوەی لەڕووی یاسا و ڕێكارەكانەوە لەسەر وەزارەتەکە بووبێت كاری پێویستیان لەسەر كراوە و لە داهاتووشدا لە چوارچێوەی سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندن بەو بابەتەوە.
وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی پێداوە، زۆرترین ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارن کە ژمارەیان لە 14000 چواردە هەزار فەرمانبەر زیاترە و ویستراوە کە باشترین وردەکاری تێدا بکرێت و مافی هیچ فەرمانبەرێکی گرێبەست پێشێل نەکرێت.
سەبارەت بەو بابەتە، وەزارەتی شارەوانی ئاشکرای کردووە، ئاڵۆزییەک لە دانانی گرێبەستەکان هەبووە و بەشێکی فەرمانبەرە گرێبەستەکان بە ناونیشانێک گرێبەستیان بۆ کراوە کە گونجاو نییە و لە ئاست ئەو بڕوانامەیەی هەیانە، دەبێت بەو ناونیشانە هەمیشەیی بکرێن کە هاوشانی بڕوانامەکانیانە.