قەزای عەنکاوە و شاری ستێرلینگ هایتسی ئەمریکا دەبنە دەستەخوشک و کاری پێکەوەیی ئەنجام دەدەن.
قایمقامی قەزای عەنکاوە، ڕامی نووری، ڕایگەیاند، کە ئەنجوومەنی شارەوانی شاری ستێرلینگ هایتس لە ویلایەتی میشیگن ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەوەی لەگەڵ عەنکاوە ببنە دەستەخوشک.
ئەم دەستپێشخەرییە لەلایەن دامەزراوەی ڕەوەندی کلدانی لە ئەمریکا پێشکەش کراوە و ڕەزامەندی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێری وەرگرتووە.
ڕێککەوتننامەکە چەند خاڵێکی گرنگ لەخۆدەگرێت، لەوانە:
- ناردنی فەرمانبەرانی حکوومەت بۆ ڕاهێنان لە ئەمریکا سەبارەت بە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی حکوومەت بەشێوەیەکی مۆدێرن.
- ناردنی گەنجانی عەنکاوە بۆ ئەمریکا بۆ ئاشنابوون بە فەرهەنگ و شێوازی ژیانی ئەو وڵاتە.
- بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە ڕووی ئاڵوگۆڕی کولتووری و ڕۆشنبیری.
ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموون لە نێوان هەردوو شارەکە دەبینرێت.