ئەربیل لایف – تایبەت وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پرۆسەی وەرچەرخانی دیجیتاڵیدا، کاراکردنی ئەپڵیکەیشنی (ئی – هەڵسەنگاندن) ڕادەگەیەنێت.
ئەم هەنگاوە ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی پەیوەندی نێوان ناوەندەکانی خوێندن و پاراستنی تایبەتمەندی مامۆستایان و قوتابیانە، لە ڕێگەی ئەم ئەپڵیکەیشنەوە، بەڕێوەبەری قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان دەتوانن بە فەرمی و بە کورتترین کات، پەیام و ڕێنماییەکانیان بگەیەننە مامۆستایان و قوتابیان. پەیامەکان لە ڕێگەی (نۆتفیکەیشن)ەوە ڕاستەوخۆ دەگاتە دەستیان، ئەمەش وەک ڕێگەیەکی دامەزراوەیی و دروست بۆ پەیوەندییەکان دیاریکراوە.
یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم ئەپڵیکەیشنە بۆ مامۆستایانە؛ لێرە بەدواوە مامۆستایان دەتوانن (ئەرکی ماڵەوە) و (تاقیکردنەوەی کویز) بۆ قوتابییەکانیان بنێرن، بێ ئەوەی پێویستیان بە دروستکردنی گروپ بێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک (مەسنجەر، ڤایبەر، تێلگرام و واتس ئەپ).
ئەم سیستمە نوێیە دەبێتە هۆی پاراستنی ژمارەی مۆبایل و زانیارییە کەسییەکانی مامۆستایان، چونکە چیتر پێویست ناکات ژمارەکانیان لەگەڵ بەخێوکاران و قوتابیان هاوبەش بکەن، بەڵکو هەموو پەیوەندییەکان لە ناو چوارچێوەی فەرمی ئەپڵیکەیشنەکەدا دەبێت.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی پەروەردە وەک وەڵامدانەوەیەک دێت بۆ سەردەمی تەکنەلۆژیا و نەهێشتنی ئەو جەنجاڵییەی لە گروپە نافەرمییەکاندا دروست دەبوو، هاوکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و ڕێکخستنی کارگێڕی قوتابخانەکانە بە شێوازێکی مۆدێرن.

