ئەربیل لایف – هەولێر
زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەستکەوتێکی زانستیی مێژوویی تۆمار کرد و لە نوێترین پۆلێنبەندیی دامەزراوەی نێودەوڵەتیی (SCImago) بۆ ساڵی ٢٠٢٤، توانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق بەدەستبهێنێت و پێشەنگی زانکۆکانی وڵات بگرێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ساڵانەی دامەزراوەی (SCImago Institutions Rankings)، گۆڤاری زانستیی زانکۆکە پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی عێراق مسۆگەر کردووە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەنگاوێکی گەورەی ناوە و پلەی (Q2)ی بەدەستهێناوە، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بەرزبوونەوەی کوالێتی توێژینەوە زانستییەکان و پەرەسەندنی ئاستی ئەکادیمیی مامۆستایان و توێژەرانی زانکۆکە.
پۆلێنبەندیی (SCImago) یەکێکە لە باوەڕپێکراوترین سیستەمەکانی جیهان بۆ هەڵسەنگاندنی زانکۆکان، کە پشت بە سێ پێوەری سەرەکی دەبەستێت: (توانای توێژینەوەی زانستی، داهێنان، و کاریگەریی کۆمەڵایەتی).
لای خۆیەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وێڕای دەستخۆشی، پیرۆزبایی لە سەرۆکایەتی زانکۆ، مامۆستایان و قوتابیان کرد و ئەم دەستکەوتەی وەک پاڵنەرێکی گرنگ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان وەسف کرد.
ئامادەکردن: عەبدوڵڵا زرار

