ئەربیل لایف – هەولێر
دوای زیاتر لە پێنج ساڵ لە هەوڵ و کۆششی بەردەوام، گەنجێکی کورد بە ناوی (جودی هێرش زادە تەیار)، بە سەرکەوتوویی قۆناغەکانی خوێندنی بڕی و مۆڵەتی فڕۆکەوانیی شارستانی (ATPL)ـی لە وڵاتی نەرویج بەدەستهێنا.
جودی کە دەرچووی (ئەکادیمیای ئەورووپی بۆ فڕۆکەوانیی شارستانی)ـیە لە نەرویج، توانیویەتی بە بڕوابەخۆبوون و لێهاتووییەوە مەشق و ڕاهێنانەکانی لێخوڕینی فڕۆکە ببڕێت و ببێتە فڕۆکەوان.
لە کاتی لەبەرکردنی جلی فڕۆکەوانی و وەرگرتنی بڕوانامەکەیدا، لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بە گەرمی پێشوازی لەم دەستکەوتە کرا. هێرش زادە تەیار، باوکی جودی، لە پەیامێکدا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی و شانازیی خۆی، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم سەرکەوتنە بەرهەمی زیاتر لە پێنج ساڵ ماندووبوون و پێداگریی کوڕەکەیەتی.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، باوکی جودی هیوای خواستووە کوڕەکەی وەک فڕۆکەوانێکی لێهاتوو لە ئاسمانی فڕۆکەوانیی شارستانیدا خزمەت بکات و ناوی بنەماڵەکەیان بەرز ڕابگرێت. هەروەها ئەم هەنگاوەشی بە دەستکەوتێکی مەزن و سەرەتایەکی گەش بۆ داهاتوویەکی پڕ لە سەرکەوتن وەسف کردووە.


