ئەربیل لایف – هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە (٢٣ـی ١١ـی ٢٠٢٦)، هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی لە شاری هەولێرەوە بە ئەربیل لایفی ڕاگەیاند، لە ماوەی نێوان ڕۆژی یەکشەممە (٢٩ـی ١١) تاوەکو (٨ـی ١٢ـی ٢٠٢٦)، شەپۆلێکی سەرتاسەریی بارانبارین، هەورەبروسکە، تەرزە و بەفربارین گشت ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، هۆکاری هاتنی ئەم شەپۆلە دەگەڕێتەوە بۆ تێکشکان و پاشەکشەکردنی ئەو بەرزەپەستانەی (ئازۆری) کە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا لە بەشی سەرەوەی بەرگەهەوای باکووری ئەفریقا، نیمچەدوورگەی عەرەبی، وڵاتانی شام، عێراق و هەرێمی کوردستان جێگیر
ببوو و ببووە هۆی وشکبوونی هەوا و کەمبوونەوەی شێ. بە لاوازبوون و پاشەکشەی ئەو بەرزەپەستانە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا، نزمەپەستانەکانی دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست بە ئاراستەی هەرێمی کوردستان چالاک دەبنەوە.
بە گوتەی ناوبراو، شەپۆلەکە لە ڕۆژی یەکشەممەوە بە بارانی لاواز تا مامناوەند دەست پێ دەکات و دواتر دەگۆڕێت بۆ بارانی بەخوڕ و بەلێزمە، بە جۆرێک لە هەندێک ناوچەدا ئەگەری بارینی ١٠٠ تا زیاتر لە ١٥٠ ملیمەتر باران، دروستبوونی هەوری بروسکاویی توند، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاو هەیە.
هاوکات، بارستەهەوایەکی ساردی جەمسەری دەگاتە ناوچەکە کە بەفربارینی چڕ لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان، دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما و کەشێکی ساردی زستانی لە شەواندا بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
جەختی لەوەش کردەوە کە پێشبینیی هاتنی ئەم شەپۆلە تا ئێستا بە ڕێژەی ٨٠٪ جێگیر بووە و لەوانەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا گۆڕانکاریی بەسەردا بێت.

