ئەربیل لایف – هەولێر
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕایگەیاند، لە شەوی ڕابردوودا تیمەکانی فریاکەوتنی خێرا (١٢٢) توانیویانە ٢٠٨ هاووڵاتی لە لافاو ڕزگار بکەن و چارەسەری پزیشکییان بۆ دابین بکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەشی کردە پزیشکییەکان و هۆبەی فریاکەوتن، لەسەر ڕاسپاردەی د. دلۆڤان محەمەد فاتیح، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، ١٠ تیمی فریاکەوتن بەسەر ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا دابەش کران. تیمەکان لە ئێوارەی ڕۆژی شەممە (٧ی تشرینی دووەم) تا درەنگانی شەو، شانبەشانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەشدارییان لە پرۆسەی ڕزگارکردن و بەهاناوەچوونی هاووڵاتییاندا کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە تیمەکان توانیویانە ٢٠٨ هاووڵاتی لەناو لافاو دەربهێنن و هەر لە شوێنی ڕووداوەکان چارەسەری سەرەتاییان بۆ ئەنجام بدەن؛ هاوکات شەش لە ڕزگارکراوان کە پێویستییان بە چاودێریی پزیشکیی زیاتر بوو، بە خێرایی ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.
تەندروستیی هەولێر جەختیشی کردووەتەوە کە تیمەکانی بەشی کردە پزیشکییەکان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دۆخێکی نائاسایی و فریاکەوتنی هاووڵاتییان لە کاتی پێویستدا.

