ئەربیل لایف – هەولێر
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ئاگادارییەکی فەرمیدا، هۆشداری دەداتە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت ئەو کەسانەی لە ڕێگەی پەخشی ڕاستەوخۆوە (لایڤ) لە پلاتفۆرمی تیکتۆک دەردەکەون، و داوایان لێ دەکات لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن.
پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاندووە: «بە مەبەستی پاراستنی دابونەریت و کلتووری کۆمەڵایەتی و ڕێگریکردن لە دیاردە نەخوازراوەکان، لەمەودوا بەکارهێنانی وشەی نەشیاو، جنێودان، سووکایەتیکردن بە یەکدی، یان بڵاوکردنەوەی وێنە و هەر ناوەڕۆکێکی نەگونجاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.» جەختیشی کردووەتەوە کە ئەم جۆرە ڕەفتارانە سەرەڕای دژبوونیان لەگەڵ بەها کۆمەڵایەتییەکان، هۆکارن بۆ دروستبوونی چەندین کێشە و تاوان، بۆیە سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی توندی یاسایی دەبنەوە.
هاوکات، پۆلیس داوا لە سەرجەم ئەو کەسانە دەکات کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پەخشی ڕاستەوخۆ ئەنجام دەدەن، لە ماوەی (١٥) ڕۆژدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بکەن، بە مەبەستی کردنەوەی دۆسیەی تایبەت، پڕکردنەوەی بەڵێننامە و وەرگرتنی ڕێنماییە فەرمییەکان؛ هۆشدارییش دەدات کە هەر کەسێک لەو ماوەیەدا پابەند نەبێت، خۆی بەرپرسیاری یاسایی دەبێت.

