نووسینگەی پارێزگاری هەولێر، لە راگەیێنراوێکدا، ئاماری گشتیی ژمارەى هاتنى گەشتیاران و ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی لە سنووری پارێزگای هەولێر، راگەیاند.
لە راگەێینراوەکەی نووسینگەی پارێزگاری هەولێر هاتووە، ژمارەی ئەو گەشیارانەی تەنها لە ڕۆژانی پشووی جەژن سەردانی هەولێری پایتەختیان کردووە بریتی بووە لە 69 هەزار و 499 گەشتیار.
ئاماری تاوانەکانیش لەڕۆژانی جەژن بەمشێوەیە بووە، 30 تاوان تۆمارکراوە، 28 تاوان ئاشکراکراوە، 2 تاوانیش لەژێر لێکۆڵینەوە دایە.
سەبارەت بە رووداوەکانی هاتووچۆ، ئامارەکان بەمشێوەیە بوون، 5 ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویاندا و لە ئەنجامیاندا 20 کەس برینداربوون و 1 کەسیش بەداخەوە گیانی لەدەستداوە.
لەو ماوەیەشدا، 5 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، سەرجەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەکانیش لە لایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و هیچ زیانێکی گیانیان لێنەکەوتۆتەوە.
لە سێ ڕۆژی جەژندا 8786 نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێریان کردووە، 140 منداڵ لەدایک بووە و 240 نەشتەرگەرى بچووک ئەنجامدراوە و 979 حاڵەتى شوشتنی گورچیلە و 52 حاڵەتى سووتان هەبووە.
لەبارەی زبڵ و پاشماوەکان، لە رۆژانی چەژندا 8 هەزار و 150 تۆن زبڵ و پاشماوە لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کۆکراوەتەوە و لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە چارەسەریان بۆ کراوە.