نانی بەیانی کە بە گرنگترین و باشترین ژەم ناو دەبرێت لە ڕۆژەکەدا، چونکە وزەی تەواوی ڕۆژەکەت بۆ دابین دەکات.
لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی کەسەکان نانی بەیانی ناخۆن، بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە ژیانی ڕۆژانەیان زۆر سەرقاڵە، یان ئەو کەسانەی کە بەهۆی حەز و خولیا نانی بەیانی پشتگوێ دەخەن.
چۆن نەخواردنی نانی بەیانی کاریگەری دەکاتە سەر تەندروستی:
1- مادە خۆراکییەکان:
نەخواردنی نانی بەیانی دەبێتە هۆی ئەوەی ماددە خۆراکییە گرنگەکانی وەک ڤیتامین، کانزا، ڕیشاڵ وەرنەگریت.
نان خواردنێکی تەندروست لە بەیانیاندا هەموو ئەم ماددە خۆراکییە گرنگانە بە جەستەت دەبەخشێت کە جەستە پێویستی پێیەتی.
2- ناهاوسەنگی شەکر لە خوێندا:
خواردنی نانی بەیانی یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا جێگیر ببێت، ڕێگری دەکات لە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی لەناکاو کە دەبێتە هۆی تێکچوونی وزەی جەستە. بەبێ خواردنی نانی بەیانی، ڕەنگە ئاستی شەکر لە خوێندا ناجێگیر ببێت، ئەمەش مەترسی تووشبوون بە کێشە تەندروستییەکانی وەک نەخۆشی شەکرە زیاد دەکات.
3- ناڕێکی جەستە و کێش:
ئەو کەسانەی نانی بەیانی پشتگوێ دەخەن، ئەگەری ئەوەی هەیە کە لە کۆتایی و درەنگانی ڕۆژەکەدا سووکە ژەم و چیپس، پسکیت، ساردی هتد.. و خواردنی ناتەندروست بخۆن. ئەمەش دەبێتە هۆی زێدەڕۆیی لە خواردن و زیادبوونی کێش، چونکە لە سەرەتای ڕۆژدا لەش بێبەش بووە لە وزە وە ئەم خواردنانەش دەبنە هۆی زیان گەیاندن بە جەستە و هیچ وزەیەک بە جەستە نابەخشن.
4- تەندروستی مێشک و دەروون:
نانی بەیانی گرنگە بۆ باشتر کارکردنی مێشک بەبێ نانخواردنی بەیانیان، ڕەنگە مرۆڤەکان کێشەیان هەبێت لە سەرنجدان و بیرەوەری خاوتر بکەن و هەست بە ماندوویەتی بکەن. دەستپێکردنی ڕۆژەکە بە نانی بەیانی تەندروست دەتوانێت سەرنجدان و بیرەوەری و تەندروستی دەروون باشتر بکەن.
وەرگێڕان: ڕەیان ئەنوەر ڕەشید