ئەربیل لایف – هەولێر ئامادەکردنی: ئەحمەد جەمال
قوتابییەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، وەک تاکە نوێنەری عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینیسیا لە وڵاتی ئیتاڵیا هەڵبژێردرا؛ ناوبراو لە خولی ئەمساڵدا وەک ئەندامی لیژنەی هەڵسەنگاندنی فیلمەکان کار دەکات.
محەمەد ئارام خدر، قوتابی قۆناغی سێیەم لە بەشی تەکنیکی میدیا لە کۆلێژی تەکنیکیکارگێڕی، یەکێکە لەو ٢٦ قوتابییەی کە لە نێوان ١٧ زانکۆی جیاوازی هەشت وڵاتی جیهاندا دەستنیشان کراون بۆ بەشداریکردن لەم ڕووداوە سینەماییە جیهانییەدا.
قوتابییە بەشداربووەکان جگە لە هەرێمی کوردستان، لە زانکۆکانی وڵاتانی ئیتاڵیا، ئیسپانیا، ئوردن، فەلەستین، سووریا و کۆماری قوبرسی باکوورەوە وەرگیراون.
ئەم دەرفەتە زێڕینە لە چوارچێوەی ئەندامییەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە “یەکێتیی زانکۆکانی دەریای ناوەڕاست (UNIMED)” بەدەستهاتووە، کە تێچووی دارایی و پشتگیریی بەشداریکردنەکە لەلایەن ڕێکخراوی ناوبراوەوە دابین کراوە.
بڕیارە لە ماوەی ٢ تا ١٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، محەمەد ئارام لەگەڵ تیمە نێودەوڵەتییەکەدا بەشداریی لە هەڵسەنگاندنی ئەو فیلمانەدا بکات کە دەچنە کێبڕکێی فێستیڤاڵەکەوە.
پێش بەڕێکەوتنی بۆ ئیتاڵیا، پ. د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە ڕاگر و مامۆستایانی بەشی میدیا، پێشوازیی لەو قوتابییە کرد.
سەرۆکی زانکۆ وێڕای پێشکەشکردنی ڕێنمایی پێویست، محەمەد ئارامی وەک باڵیۆزێکی زانستی و کولتووری ڕاسپارد کە بە باشترین شێوە و بە ئاڵای کوردستانەوە نوێنەرایەتییەکی شایستەی زانکۆکە و هەرێمی کوردستان بکات.
ئەم بەشداریکردنە وەک دەستکەوتێکی گرنگی ئەکادیمی بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە قەڵەم دەدرێت، کە نیشانەی ئاستی بەرزی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆکە و توانای قوتابیانی کوردە لە کێبڕکێ جیهانییەکاندا.

