ئەربیل لایف – هەولێر
ئەمڕۆ شەممە، 2026/3/28، بە ئامادەبوونی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی بەشێکی گرنگی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاری لە شاری هەولێر کرایەوە.
پڕۆژەکە بە گوژمەی 200 هەزار دۆلار و لەسەر ئەرکی بنەماڵەی خوالێخۆشبووان (د. سانا، د. سەناریا، مامۆستا کەمال خضر و مامۆستا صباحت ظاهر) جێبەجێ کراوە. پڕۆژەکە بریتییە لە:
نۆژەنکردنەوەی تەواوی هۆڵی نەشتەرگەری نەخۆشخانەکە.
دروستکردنی هۆڵێکی نوێی “هەناوبینی” (Endoscopy) تایبەت بە نەشتەرگەری.
دابینکردنی سەرجەم ئامێر و پێداویستییە پزیشکییە سەردەمییەکان.
وەک وەفایەک بۆ بنەماڵە خێرخوازەکە، هۆڵە نوێیەکە بەناوی خوالێخۆشبوو (د. سەنار کەمال) ناونراوە.
لە کاتی کردنەوەی پڕۆژەکەدا کە د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێریش ئامادەی بوو، ئاماژە بەوە درا کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی حکومییە بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی پزیشکی بە هاوڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر و کەمکردنەوەی فشار لەسەر بەشەکانی دیکەی نەخۆشخانەکە.

