ئەربیل لایف – هەولێر
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا بە ڕێگەدان بە هاوردەکردنی بەرهەمی (تەماتە) لە دەرەوەی وڵات، ئەوەش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخ و دابینکردنی پێداویستی بازاڕ.
ڕاگەیاندنی وەزارەت بڵاویکردەوە، دوای بەدواداچوونی مەیدانی بۆ سەرجەم پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، دەرکەوتووە کە بەرهەمی ناوخۆیی تەماتە لە بازاڕەکاندا زۆر کەمبووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی گرانبوونی نرخەکەی لەسەر هاووڵاتییان.
لە بڕیارەکەدا هاتووە، پاڵپشت بە یاسای پاراستن و پێشخستنی بەرووبوومی کشتوکاڵی ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٠٨، بڕیاردرا بە هەڵگرتنی قەدەغە لەسەر هاوردەکردنی تەماتە.
بڕیارەکە لە ڕێکەوتی ٢٩/٣/٢٠٢٦ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادارکراونەتەوە بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست.

