زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەستکەوتێکی زانستیی نوێی لەسەر ئاستی کوردستان تۆمار کرد؛ بەوەی توانی لە نوێترین پۆلێنبەندیی دامەزراوەی نێودەوڵەتیی (SCImago)دا پێشەنگی زانکۆکانی کوردستان بگرێت و پلەیەکی بەرز لەسەر ئاستی جیهانی بەدەست بهێنێت.
لە نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەی دامەزراوەی ناسراوی نێودەوڵەتی بۆ پۆلێنکردنی زانستی (SCImago Institutions Rankings)، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا. بەپێی ئەنجامەکانی ئەم پۆلێنبەندییە، گۆڤاری زانستیی زانکۆکە توانیویەتی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی کوردستان مسۆگەر بکات ، بۆ یەکەم جارە لە کوردستان پلەیەی Q2 بەدەست دێت .
ئەم دەستکەوتە تەنیا لە چوارچێوەی ناوخۆدا نەمایەوە، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەنگاوێکی گەورەی ناوە و توانیویەتی پلەی نێودەوڵەتیی Q2 بەدەست بهێنێت؛ ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر بەرزبوونەوەی کوالێتیی توێژینەوە زانستییەکان و پەرەسەندنی ئاستی ئەکادیمیی مامۆستایان و توێژەرانی زانکۆکە.
پۆلێنبەندیی (SCImago) یەکێکە لە باوەڕپێکراوترین سیستەمەکانی هەڵسەنگاندن لە جیهاندا، کە پشت بە سێ پێوەری سەرەکی دەبەستێت:
توانای توێژینەوە زانستییەکان.
داهێنان.
کاریگەریی کۆمەڵایەتی.
بەدەستهێنانی ئەم پلە بەرزانە، پێگەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە نەخشەی زانستیی نێودەوڵەتیدا بەهێزتر دەکات و دەبێتە پاڵنەرێک بۆ پەرەپێدانی زیاتری کەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستاندا.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەبۆنەی ئەم سەرکەوتنە گەورەیەوە، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و تەواوی مامۆستایان، فەرمانبەران، توێژەران، ستافی گۆڤار و قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆکە کرد.

