ئەربیل لایف – هەولێر
لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاوڵاتییان و ڕێگریکردن لە کارەساتی هاتوچۆ، بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم بڕیارێکی نوێی بۆ شۆفێرانی بارهەڵگر و ئامێرەکانی بیناسازی دەرکرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی هاتوچۆ، لە ڕێکەوتی ٢٨ی ٤ی ٢٠٢٦ بەدواوە، کارکردنی ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگر و ئامێرانەی بیناسازی کە کێشیان لە (٤) تەن زیاترە و خاوەنی “ژمارەی کاتی”ن، قەدەغە دەکرێت. ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە بۆیان نییە کاری گواستنەوەی بار بکەن تا ئەو کاتەی بە فەرمی تۆمار دەکرێن و
تابلۆی هەمیشەیی وەردەگرن.
مەرجی نوێ بۆ بارهەڵگرە تۆمارکراوەکان: ئەو بارهەڵگرانەی کە پێشتر تۆمارکراون و
تابلۆیان هەیە، پێویستە لە کاتی خۆیدا پشکنینی ساڵانەی (سەلامەتی و توندوتۆڵی)
ئەنجام بدەن. هەر شۆفێرێک پابەند نەبێت، بارهەڵگرەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت و
ڕووبەڕووی سزای دارایی قورس دەبێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی
هەرێمی کوردستان ڕاسپێردراون، کە لە ڕێگەی مەفرەزەکانیانەوە چاودێری جێبەجێکردنی
ئەم بڕیارە بکەن و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران بگرنەبەر.

