ئەربیل لایف – هەولێر
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان هۆشداریی توند دەداتە هاووڵاتییان لە
کڕینی جۆرێکی خواردنەوەی گازی “بیبسی” کە ئاڵای عێراقی لەسەرە، ئەمەش بەهۆی
هەبوونی ناوی پیرۆزی (الله) لەسەر قوتووەکە کە ئەگەری بێڕێزی پێکردنی
لێدەکرێت.
ماوەیەکە لە بازاڕ و مارکێتەکانی هەرێمی کوردستان، جۆرێکی خواردنەوەی “بیبسی”
بڵاوبووەتەوە کە وێنەی ئاڵای عێراقی لەسەر نەخشێنراوە. بەهۆی ئەوەی لە ناو
جەرگەی ئاڵاکەدا وشەی (الله أکبر) هەیە، بابەتەکە کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە
و یەکێتیی زانایان بە فەرمی داوای بایکۆتکردنی ئەو جۆرە بەرهەمە دەکات.
لەو بارەیەوە، د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی
کوردستان ڕایگەیاند: “ناوی (الله) پیرۆزە و ئەرکە بە پیرۆزی ڕابگیرێت، بە هیچ
شێوەیەک قابیلی سووکایەتی و بێڕێزی نییە.”
گوتیشی: “دروست نییە ئەم ناوە پیرۆزە بۆ مەبەستی بازرگانی لەسەر کاڵاکان
بەکاربهێنرێت، بەتایبەت لەسەر قوتووی خواردنەوەیەک کە دوای بەکارهێنان
فڕێ دەدرێتە ناو زبڵدان و شوێنە نەشیاوەکان، ئەمەش بێڕێزییەکی ڕاستەوخۆیە بەو
ناوە پیرۆزە.”
یەکێتیی زانایان داوا لە هاووڵاتییان دەکات لەپێناو پاراستنی پیرۆزییەکانی ئایینی
ئیسلام، خۆیان لە کڕینی ئەو جۆرە بیبسییە بەدوور بگرن.

