ئەربیل لایف – هەولێر
زانکۆی سەلاحەدین لە چوارچێوەی پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی قوتابییان بۆ مەشقی هاوینە،
ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی ژمارەیەک قوتابی بۆ وڵاتانی عەرەبی و بە هەمان
شێوە پێشوازی لە قوتابیانی ئەو وڵاتانە دەکات.
سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین ڕایگەیاند: بە سەرپەرشتی
پ.د. کامەران یونس محەمەد ئەمین، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین، پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی
قوتابییان بۆ ئەمساڵیش بەردەوام دەبێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە گفتوگۆکان
دەربارەی ڕێکخستن و چۆنییەتی ناردن و پێشوازیکردن لە قوتابییان تەواو کراون.
بڕیارە زانکۆی سەلاحەدین نزیکەی ٣٠ قوتابی بنێرێتە دەرەوەی وڵات و لە بەرامبەریشدا
پێشوازی لە ٣٠ قوتابی دیکەی وڵاتانی عەرەبی بکات. ئەو وڵاتانەی کە پڕۆسەی
ئاڵوگۆڕەکەیان لەگەڵدا ئەنجام دەدرێت بریتین لە (ئوردن، سوڵتاننشینی
عومان، میسر، یەمەن و فەڵەستین).
ئەم پڕۆگرامە ساڵانە بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی ئەزموونی زانستی و ئەنجامدانی مەشقی
هاوینە بۆ قوتابییان لە ژینگەیەکی جیاوازدا بەڕێوە دەچێت.

