ئەربیل لایڤ ئامادەکردنی: ئەحمەد جەمال
بە مەبەستی کەمکردنەوەی جەنجاڵی و پەرەپێدانی کەرتی ڕێگەوبان، کارکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی شەقامێکی نوێی ٦٠ مەتری بە درێژیی پێنج کیلۆمەتر لە شاری هەولێر بەردەوامە، کە هەردوو شەقامی ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتری بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، ئەم پڕۆژە ستراتیژییە بە گوژمەی (٣٦,٣٠٠,٠٠٠,٠٠٠) سی و شەش ملیار و سێسەد ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت. شەقامەکە وەک شادەمارێکی سەرەکیی هاتوچۆ خزمەت بە هاووڵاتیان دەکات و کارکردن تێیدا گەیشتووەتە قۆناغێکی چڕ.
پڕۆژەکە ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە کارئاسانیکردن بۆ هاتوچۆی دانیشتووانی ناوچەکە و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی، هەروەها دەبێتە هۆی ئاسانکاریی زیاتر بۆ گەیشتن بە ڕێگە سەرەکییەکانی (پیرمام و بەحرکە)، کە ئەمەش بەشێکە لە پلانی حکومەت بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی پایتەخت.

