هەولێر – ئەربیل لایف
ئەمڕۆ هەینی، لە شەقامی کۆنی بنەسڵاوەی شاری هەولێر، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی چوار بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی، دەستیان بەسەر چەندین سەر مەڕ و بزندا گرت کە بڕیار بوو بە شێوەیەکی نایاسایی سەرببڕدرێن.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، ئەم کەسانە هەوڵیان داوە پشووی فەرمیی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بقۆزنەوە، تاوەکوو بەدەر لە ڕێکارە یاسایی و تەندروستییەکان، سەربڕین و فرۆشتنی گۆشت و بازرگانیی ئاژەڵ بکەن؛ بەڵام دوای چاودێری و بەدواداچوونێکی ورد، ڕێگرییان لێ کرا.
لە بەشێکی دیکەی هەواڵەکەدا هاتووە کە ئەم جۆرە کارانە پێچەوانەی ڕێنماییەکانن و مەترسیی گەورە بۆ سەر ژیان و سەلامەتیی هاووڵاتییان دروست دەکەن، هەروەها دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان، بۆیە لە پێناو پاراستنی ژینگە و تەندروستیی گشتیدا، دەستبەجێ هەنگاوی پێویست نراوە.

