ئەم توێژینەوەیەی لە خوارەوە خوێنەری دەبن ئەنجامی سەرەتایی توێژینەوەی سێ توێژەرە لەبارەی پیسی ژینگەی شاری هەولێر، لە رابردوودا بەشی یەکەمی توێژینەوەکەیان بڵاوکردووەتەوە.
بەشی دووی ئەنجامی سەرەتایی دەربارەی توێژینەوەیەکی مەیدانیمان بۆ هەڵسەنگاندنی کوالێتی هەوا لە شاری هەولێر لە کاتەکانی شەودا.
لە بەشی یەکی توێژینەوەکەماندا، هەڵسەنگاندنێکی ورد و زانستییانەمان کرد بۆ کوالێتی هەوای شاری هەولێر لە کاتەکانی ڕۆژدا و بۆ ئەم مەبەستە ٣ لە ئاماژە یاخود پێوەرە باوەکانمان بەکار هێنا بۆ پێوانە کردنی کوالێتی هەوا. لەم بەشەی توێژینەوەکەشمان هەمان پێوەر بەکارهاتوون و تۆمارکراون بەڵام لە کاتی شەودا.
شێوازی ئەنجامدانی توێژینەوەکە:
لەبەر ئەوەی ئامانجی سەرەکی توێژینەوەکە بریتییە لە دەستنیشانکردنی جیاوازی شوێنی و کاتی بۆ بەشێک لە پێکهاتە هەڵواسراوەکانی ناو بەرگە هەوا کە وەک ئاماژەیەک بەکار دەهێنرێن بۆ پێوانە کردنی کوالێتی هەوا لەناو شاری هەولێر. بۆ ئەم مەبەستە کوالێتی هەوای شارەکە تۆمارکراوە لە لایەن ٥ تیمی توێژەرەوە بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ کە هاوشانی تۆمارکردنی داتاکانی ڕۆژ بوون. بە بەردەوامی ئەم داتایانە لە ٢ کاتی جیاوازی شەودا تۆمارکراون بەم جۆرەی خوارە:
لە کاتژمێر ٧ ئێوارە بۆ ٩ شەو
لە کاتژمێر ٩ بۆ ١٢ شەو
بە هەمان شێوەی کاری مەیدانی لە ڕۆژدا داتاکان بۆ ١٥٠ شوێنی جیاجیای ناو شاری هەولێر تۆمارکراون و لە ماوەی١٥ ڕۆژدا٢-٣ جار دووبارە کراونەتەوە. بە ڕەچاوکردنی هاوسەنگی لە دۆخی پلەی گەرمی و خێرایی و ئاراستەی با لە کاتەکان و شوێنەکانی تۆمارکردندا.
ئەنجامی بەرایی توێژینەوەکە:
١- هەڵواسراوە ڕەقەکان کە تیرەکەیان لە 2.5 مایکرۆ میتەر بچووکترە (نەخشەی ژمارە ١)
وەک لە نەخشەکەدا دەردەکەوێت جیاوازییەکی زۆر دەبینرێت لە نێوان کاتەکانی ڕۆژ و شەودا، وەک دەردەکەویت لە کاتی شەودا بە شێوەیەکی گشتی شارەکە کەوتووەتە ژێر کاریگەری ئاستی مامناوەند و خراپ لە ڕووی بڵاوبوونەوەی ئەو دەنکۆڵە ڕەقانە ی کە تیرەکەیان لە 2.5 مایکرۆمیتەر کەمترە.
تێبینی ١:
ئەم گەرەکانەی خوارە کەوتوونەتە نێو زۆنی سوور یاخود (ناتەندروست بۆ ئەو کەسانەی کە دۆخی تەندروستیان هەستیارە)
گەڕەکەکان بریتین لە:
١- شاری خەونەکان
٢- پارکی گەورەی شار
٣- گەرەکی میدیا
٤- گەرەکی منارە- سایلۆ
٥- نیشتمان
٦- نەورۆز
٧- کوردستان
٨- شادی
٩- ڕزگاری
١٠- تورەق
١١- مامزاوە و قەتەوی
١٢- کانی قرژاڵە
١٣- هەواری نوێ
١٤- تۆپزاوە
١٥- ڕۆشنبیری ١
١٦- ئەندازیاران
١٧ موفتی
١٨- ئیسکان
١٩- مامۆستایان ١-٢
٢٠- سەیداوە
٢١- کۆماری
٢٢-زانایان
٢٣- برایەتی
٢٤- هەڤاڵان
٢٥ گولان ١-٢
٢٦- خانزاد
٢٧- شۆڕش
٢٨- تەیراوە
٢٩- سەڵاحەدین
٣٠- بەختیاری
٣١-ڕاپەڕین
٣٢- سەفین-٢
٣٣- سەفین ١-٣
٣٤-شاوەیس
٣٥- گەلاوێژ
٣٦- شاری کەسنەزان
٣٧- کانی قرژاڵە
تێبینی ٢:
ناوچەی پارکی گەورەی شار (پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان) لە کاتی شەودا بە پێچەوانەی ڕۆژ هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی نەبووە لەسەر کەمکردنەوەی کاریگەرییە خراپەکانی ئەو پێکهاتە هەڵواسراوە. ئەم بابەتە چەندین لێکدانەوەی زانستی دەکرێت بۆ بکرێت لە گرنگترینیان پەیوەندی بە پرۆسەی ڕۆشنە پێکهاتنەوە هەیە کە ڕووەکەکان لە کاتەکانی ڕۆژدا ئەکتیڤ ترن و بڕێکی زیاتر لە گازی دوانۆکسیدی کاربۆن هەڵدەمژن. جگە لەوانەش هەڵکەوتەی شوێنی پارکەکە هۆکارێکی دیکەیە.
٢- هەڵواسراوە ڕەقەکان کە تیرەکەیان لە 10 مایکرۆ میتەر بچووکترە (نەخشەی ژمارە ٢)
بە شێوەیەکی گشتی نزیکەی ٪٣٠ گەرەکەکانی شارەکە کەوتوونەتە نێو زۆنی شین یاخود زۆنی (گونجاو).
وە بەشەکەی تریان کە ٧٠٪ شارەکە پێک دەهێنن کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئاستی مامناوەند لە ڕووی بڵاوبوونەوەی ئەو دەنکۆڵە ڕەقانە.
تێبینی:
بە گشتی ناوچەکانی زۆنی مامناوەند زیاتر درێژ دەبنەوە بۆ ئەو گەرەکانەی کە کەوتوونەتە باکوور و باکووری خۆرهەڵاتی شارەکە.
٣- گازی دوانۆکسیدی کاربۆن:
بە پێی نەخشەی ژمارە ٣ دەردەکەوێت کە بەشێکی زۆری ٨٥٪ گەرەکەکانی شارەکە کەوتوونەتە نێو زۆنی گونجاو لە ڕووی ئاستی گازی دوانۆکسیدی کاربۆن، جگە لە گەرەکەکانی سەنتەری شار و ئازادی و گەرەکی شۆڕش و بەختیاری و سەڵاحەدین کوێستان نەبێت کە کەوتوونەتە نێو زۆنی مام ناوەند.
ئەم ئەنجامە بەراییانە چیمان پێ دەڵێن:
١- بە شێوەیەکی گشتی ژینگەی شارەکە دەتوانرێت دابنرێت یاخود پۆلین بکرێت لە نێوان مامناوەند بۆ خراپ لە کاتی شەودا. کە دەکرێت ئەو ژینگە مام ناوەندە لە ڕووی کوالێتی هەوا کاریگەری لەسەرخۆ و دوورمەودا دروست بکات لەسەر دانیشتوانی شارەکە. بۆ نموونە ئەگەر لە ئێستا گەنجێک کە هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبێت ئەوا ڕەنگە لە چەند ساڵی داهاتوو بەهۆی بەرکەوتەی بەردەوامی بۆ ئەو پێکهاتانە ژیانی بکەوێتە مەترسییەوە و دووچاری چەندین نەخۆشی جۆراوجۆر بێت.
٢- ئەو کەسانەی کە لە ئێستادا بەدەست کێشەی تەندروستی دەناڵێنن و کەوتوونەتە نێو ئەو زۆنانەی شاری هەولێر کە کوالێتی هەواکەی باش نییە (تەماشای نەخشەی ١، ٢ و ٣ بکە) ئەوا پێشنیاز دەکرێت، یاخود وا باشترە گرنگی بە بەکارهێنانی فیلتەری هەوا و ماسک خاوێنکەرەوەکانی هەوا بدەن بەتایبەت لە نێو ماڵەکانیان یاخود لەو شوێنانەی کە زۆرترین کاتەکانی ژیانکردنیان لێ بەسەر دەبەن.
٣- پێویستە بگوترێت پێوانە کردنی کوالێتی هەوای شارەکان لە ڕۆژێک بۆ یەکی دی یان لە وەرزێک بۆ یەکی دی دەگۆڕێت. هەر لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە بڕیاری چاودێری و تۆمارکردنی داتاکانمان کرد لە ماوەی ١٠-١٥ ڕۆژ دا و بۆ ٢-٣ کاتی دووبارە بووەوە. بۆیە ئەگەر هەمان کار لە وەرزی زستان یاخود بەهار دووبارە بکەینەوە ئەنجامێکی تەواو جیاوازمان دەست دەکەوێت. ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە بڕی شی لە هەوادا ڕێگرییەکی باش دەکات لە گواستنەوەی ئەو پێکهاتە ڕەقە هەڵواسراوانە بۆ مەودایەکی دوور.
٤- وەک لە نەخشەکان دەردەکەوێت گەرەکەکانی نزیک لە پاڵاوگە نائاسایییەکان و هەردوو پیشەسازی باشوور و باکوور لە شارەکە کاریگەرییەکی خراپیان دروست کردووە لەسەر ژینگە و کوالێتی هەوا لە شارە. بۆیە دەکرێت پشت بە دروستکردنی ناوچەی سەوزایی بکرێت کە وەک پشتێنە بەکار بهێنرێت بۆ ڕێگری کردن لە گواستنەوە پاشماوەی دەرچوو لە چالاکییەکانی ئەو ناوچانە بۆ ناو شارەکە. دەکرێت بۆ ئەم مەبەستە پشت بە ئاراستەی ڕۆیشتنی با بکرێت و پشتێنە سەوزەکان لەسەر ئەو بنەمایە دروست بکرێن.
٥- ئەم ئەنجامانەی لێرەدا خراونەتە ڕوو بەشێکی کەمن لە کۆیی ئەو توێژینەوەیەیی کە کاری لەسەر دەکەین بەتایبەتیش ئامانجمانە کاریگەری ڕێژەی سەوزایی بە پێی گەرەک و ژمارەی دانیشتووان بە پێی گەرەک دیاری بکەین لەسەر کوالێتی هەوا لە شارەکەدا. پشتیوان بەخوا لە داهاتوودا لە گۆڤارێکی زانستی باوەڕپێکراو بڵاوی دەکەینەوە.
تیمی توێژەران؛
دابان دەبباغ
توانا حەمەد
سایە دلاوەر