ڕێکارێکى گرنگ بۆ پاراستنى مافەکانى کرێکاران لە لایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى
بەشی راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى گشتى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى نوسراوێکی بڵاوکردوتەوە و دەڵت:
بە مەبەستى پاراستنى مافەکانى ئەو کرێکارانەى لە کاتى کاردا، تووشی رووداو دەبن و بەهۆیەوە دووچارى پێکان یان مردن دەبن، بەڕێوەبەرایەتى گشتى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى بە نووسراوێک بۆ وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى داواکارییەکى بەرز کردەوە و لەلایەن وەزارەتەوە نووسراوەکە ئاراستەى لایەنەکانى پەیوەندیدار کرا.
بە نووسراوى ژمارە (١٥١) لە ١٣/١/٢٠٢٥ بەڕێوەبەرایەتى گشتى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى داوا دەکات ئەنجوومەنى دادوەرى، وەزارەتى ناوخۆ و وەزارەتى تەندروستى ئاگادار بکرێنەوە تا هاوکارمان بن بەمشێوەیەى خوارەوە:
١. لە کاتى چارەسەرکردنى کرێکار لە نەخۆشخانەکان راپۆرتى پزیشکى تایبەت ئامادە بکرێت، هەروەها گوتە (ئیفادە) لە کرێکارەکە وەربگیرێ و ئەگەر دەرکەوت لە کاتى کاردا دووچارى پێکان بووە، ئاگادارى بەڕێوەبەرایەتى کار و بەڕێوەبەرایەتى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکرێتەوە.
٢. بە هەمان شێوە ئەو کرێکارانەى بەهۆى کار گیانیان لەدەست دەدەن، بە ڕاپۆرتێک هەردوو بەڕێوەبەرایەتى ئاماژەپێکراو ئاگادار بکرێنەوە.
ئەم هەوڵە یەکێکە لە هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان بۆ پارێزگاریکردن لە مافەکانی کرێکار لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان بۆ گرتنەبەرى رێکارى پێویست بەمەبەستى پاراستنى مافەکانى ئەو کرێکارانەى دووچارى رووداو دەبنەوە لە کاتى کاردا.
نووسراوەکە لەلایەن وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتییەوە بە نووسراوى ژمارە (٥٠٤) لە ٢٢/١/٢٠٢٥ ئاراستەى هەریەک لە ئەنجوومەنى دادوەرى، وەزارەتى ناوخۆ و وەزارەتى تەندروستى کراوە و ئەمڕۆش بەڕێوەبەرایەتى گشتى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى بە نووسراوى ژمارە (٥٧٣) لە ٣٠/١/٢٠٢٥ بەڕێوەبەرایەتییەکانى کار و بەڕێوەبەرایەتییەکانى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەنجامدانى کارى پێویست.
راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى گشتى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى
